٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کلارا: بێبەشکردنی ئاوارە کریستیانەکان لە دەنگدانی دابێ ستەمێکی دیکەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- دوای بڕیاری بێبەشکردنی ئاوارەکان لە دەنگدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، نوێنەرێکی کریستیانەکان پێی وایە، ئەوە غەدرێکی دیکەیە لە کریستیانەکان دەکرێت و پێویستە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

 

کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بێبەشکردنی ئاوارەکانی نەینەوا بەھۆی بڕگەیەکی یاسای ھەموارکراوی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق غەدرێکی دیکەیە لە ئاوارە کریستیانەکان دەکرێت، چونکە بەشێکی زۆری ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا بەھۆی ئاڵۆزیی ناوچەکانیان نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵوحالی خۆیان و بێبەشکردنیان لە دەنگدانی نیسانی دابێ، پێشێلکردنی مافی دیموکراتیی ئەوانە، چونکە ئەوانە بۆ خۆشیی خۆیان ئاوارە نەبوونە، بەڵکو حکوومەت نەیتوانیوە ناوچەکانیان بپارێزیت."

 

نوێنەری کریستیانەکان گوتی: "بە ھەزاران دەنگدەری کریستیان ناتوانن بۆ ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا و ناو شاری مووسڵ، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە. لە لایەکەوە لە شوێنی خۆیان دەردەکرێن و لە لایەکی دیکەشەوە بە یاسا ڕێگای بەشداربوون لە دەنگدانیان لێ دەگیرێت."

 

کلارا عودیشو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرچەندە کریستیانەکان کورسیی کۆتایان لە ئەنجومەنی پارێزگا ھەیە، بەڵام مافی ھەر دەنگدەرێکە بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بۆ ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکە و پێویستە دوبارە پێداچوونەوە بە یاسای ھەڵبژاردنەکاندا بکرێت و ئاوارەکان مافی دەنگدانیان ھەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێبوونە، بنکەی دەنگدانیان بۆ بکرێتەوە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار