لەم مانگەدا حكوومەت ڕۆژانە 18 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان دەدات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، 3500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن و خواستیش لەسەر 4500 مێگاواتە. دەشڵێ، لەم مانگەدا بە تێكڕا دەتوانن ڕۆژانە 18 كاتژمێر كارەبا بە هاووڵاتیان بدەن.
ئومێد ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، وەزارەتی كارەبا بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی بۆ فراوانكردنی تۆڕەكانی كارەبا و هەروەها زیادكردنی بەرهەمهێنان و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆچوونی كارەبا.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان گوتیشی: "ئێمە بەردەوام كار لەسەر زیادكردنی پێدانی كارەبا دەكەین، ئێستاش لەم وەرزەدا كە هاووڵاتیان كەمتر كارەبا بەكار دەهێنن، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا دەگەیەنینە سەروو 18 كاتژمێر، كە مانگی ڕابردوو 16 كاتژمێر كارەبامان داوە بە هاووڵاتیان، هەروەها بەردەوامیش كار لەسەر پلان و پڕۆژەكانمان دەكەین".
ناوبراو دەڵێ، خواست لەسەر كارەبا لەلایەن هاوبەشانی كارەباوە 4500 مێگاوات كارەبایە، بەرهەمهێنانی كارەباش لە ئێستادا لە نێوان 3250 بۆ 3500 مێگاواتە.
ڕوونیشی كردەوە: "پێوەری زیرەك یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی وەزارەتی كارەبا، بۆیە كاری جیددی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك و هەروەها پڕۆژەی غازی سرووشتی".
عەزیز هەورامی




