"ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی ناوچەی ئارام لە سووریا بەڕێوە چوو"
__2019_09_08_h15m34s23__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ناوچەی ئارام لە سووریا ڕاگەیاندرا و سەرکردەیەکی ئەنەکەسەش دەڵێ، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ڕۆڵی دەبێت لە بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەشکری پێشمەرگەی ڕۆژ دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سەرکردەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ناوچەی ئارام لە سووریا بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و ئەمڕۆ قۆناغی یەکەم بەڕێوە چوو، کە ھەموو سنووری ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، جگە لە شاری قامشلۆ، کە لە لایەن دەزگا ھەواڵگەرییەکانی ناوچەکەوە شاری قامشلۆ بەڕێوە دەبرێت، ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارامەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن."
سەرکردەکەی ئەنەکەسە گوتیشی: "ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام چارەسەرێکی گونجاو دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی وڵاتی سووریا، بە مەرجێک لایەنەکان مەبەستی دیکەیان نەبێت لە پڕۆسەکەدا، چونکە سووریا و تورکیاش بەو پلانە ڕازین بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام."
پەیوەست بە ڕۆڵی کورد لە ناوچەی ئارامدا، عەبدولڕەحمان ئاپۆ ڕوونی کردەوە: "لە قۆناغەکانی داھاتوودا ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری دەبێت لە ناوچەی ئارام و ھێزە سیاسییەکان و لەشکری پێشمەرگەی ڕۆژ دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بێگومان بە گەڕانەوەیان، لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارامدا ڕۆڵیان دەبێت."
قائید میرۆ




