حكوومەتی هەرێم كار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەكات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باغداری و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم كار بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بەپیشەسازیكردنی كەرتی كشتوكاڵ دەكات.
حوسێن حەمەكەریم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ بەپیشەسازیكردنی كەرتی كشتوكاڵ، بە جۆرێك بۆ ئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنیاندا بەرهەمە كشتوكاڵییەكان تێك نەچن، قوتووبەندییان بۆ بكرێت و لە وەرزەكانی دیكەدا بەكار بهێنرێنەوە، لە بری ئەوەی لە دەرەوە خواردنی لە قوتووكراو هاوردە بكرێت، كە ئەمەش لە هەمان كاتدا چەندین هەلی كار بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت و بە كوالێتییەكی باشتر و نرخێكی هەرزانتریش دەكەوێتە دەست هاونیشتیمانیان".
حەمەكەریم ئاماژەی بەوەش دا، لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەكاندا رێژەی بەرهەم لە پێویستیی ناوخۆیی زیاترە، بۆیە ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ ئەوەی لە دەرەوەی هەرێم بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیارانی كوردستان بدۆزێتەوە.
هێدی كاكەیی




