٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مەیادە نەجاڕ: حەفتەی دابێ پێنج وەزیر بانگھێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بڕیارە حەفتەی دابێ پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی خۆی بکاتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتییش ئاشکرای کرد، پێنج وەزیر بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێن و دەشڵێ، مەرامی سیاسی لەپشت بانگھێشتکردنی وەزیرەکانەوە ھەیە.

 

دکتۆر مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە حەفتەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی وەرزی نوێ بکات و لە کۆبوونەوەی داھاتوودا پێنج وەزیری کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەھدی بانگھێشتی پەرلەمان کراون، بەڵام پێم وایە مەرامی سیاسی لەپشت بانگھێشتی وەزیرەکانی حکوومەتی عێراقەوە ھەیە و ھەندێ کوتلە ئامانجی خۆیان لە بانگھێشتکردنی وەزیرەکانی حکوومەت ھەیە."

 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "لەنێو ھۆڵی پەرلەماندا چەند مەلەفێک لەگەڵ وەزیرە بانگھێشتکراوەکان باس دەکرێن، بەڵام ئەو پرسانەی وەزیرەکانی لەسەر دێنە پەرلەمان نھێنی نین، واتە ڕەخنەگرتن نییە لە ئەدای کارەکانی وەزارەتەکان. کاری دووەمی پەرلەمان چاودێریی کارەکانی حکوومەتە، کەچی بەداخەوە لە عێراق ڕۆڵی چاودێری تەنیا بووەتە کارێکی سیاسی."

 

دکتۆر مەیادە نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵییش بدرێت، ئێمە کۆمەڵێک تێبینیمان ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لەنێو پڕۆژەیاساکەدا جێگیر بکرێن، ھیوا خوازین تێبینیی ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن، ئینجا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار