ڕومیۆ ھەکاری: ڕۆژانی دابێ گۆڕانکاری لە حکوومەتدا دەکرێت

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێکی کریستیانەکان ئاشکرای کرد، ڕۆژانی دابێ دەست بە گۆڕانکاریی نێو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و دەشڵێ، گۆڕانکارییەکان لە خوار پۆستی وەزیرەوە دەست پێ دەکات تا خوارەوە و بڕیاریشە لە گۆڕانکارییەکاندا ژمارەیەک پۆست بۆ کریستیانەکان تەرخان بکرێت.
ڕومیۆ ھەکاری، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە ڕۆژانی دابێ گۆڕانکارییەکانی نێو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچن، ھیوایەکی زۆر ھەیە بۆ پڕکردنەوەی ھەموو پۆستەکانی حکوومەت، ھەرچەندە دەبوو پێشتر ئەو پڕۆسەیە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێوە پڕۆسەی گۆڕانکارییەکانیش دوا کەوت."
ئەو نوێنەرەی کریستیانەکان ڕوونی کردەوە: "پڕۆسەی گۆڕانکاری لە خوار وەزیرەوە دەست پێ دەکات، واتە بریکاری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و سەرۆکی دەستەکان دەگرێتەوە، تا دەگاتە ئاستی خوارەوە."
لەبارەی پشکی کریستیسنەکانیشەوە ھەکاری گوتی: "کریستیانەکانیش لە پۆستەکانی حکوومەت پشکیان دەبێت، ئێمە بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستە و چەند پۆستێکی دیکەی وەک بەڕێوەبەری گشتیمان بەردەکەوێت، جگە لەوە، داوای چەند پۆستێکمان لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ھەرێم کردووە."
قائید میرۆ




