٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیزا فەلەکەدین: ڕۆژانە هەزاران عەرەبی هاوردە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان جێگیر دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەلێکی زێڕینیان بە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەخشی بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیان بڕیاری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدەن. ئەگەر بەم دۆخەی ئێستاوە هەڵبژاردن بکرێت، کورد لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت.

 

لیـزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەسەڵاتی سیاسیی عێراق لەدوای  ساڵی 2005ەوە ڕێگەی نەداوە هیچ هەڵبژاردنێک لە کەرکووک بکرێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر هەڵێکی لەباری بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق خولقاند بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن لە کەرکووک و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان بدەن. لە کاتێکدا سەرتاپای جومگەکانی دەسەڵات لە دامەزراوەکانی کەرکووکدا لەژێر کۆنترۆڵیاندایە و ڕۆژانە بە هەزاران هاووڵاتیی بەرەگەز عەرەبی ناوچەکانی خواروو دێنن و لە ناوچە کوردستانییەکان نیشتەجێیان دەکەن و فۆرمی خۆراک و ناسنامەیان بۆ دەردێنن."

 

لیزا فەلەکەدین گوتیشی: "ئەو هەوڵە نالەبارەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان درا، هەوڵێکی ناتەندروست و لەرزۆک بوو، بەئاشکرا هەندێک ماددەی تایبەت کراوە بە کەرکووک و مووسڵ و بێبەشکردنی ئاوارە کوردەکان لە مافی دەنگدان. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە دەبێ ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بەم دۆخەی ئێستا و بە یاسایەکەوە کە پڕیەتی لە تەڵە و مینی یاسایی، هەوڵێکی مەترسیدار و کوشندەیە بۆ دۆزی کورد لە ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکان."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "نێوەرۆکی یاساکە دژی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە. پێ دەچێت هەموو لایەک کۆک بن لەسەر ئەوەی چەندە گرنگە کورد لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، بەڵام لەوەش گرنگتر، یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردە لەسەر داوای دووبارە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق."

هۆزان سەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار