گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەی ''ئارام'' پەیوەستە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە"

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- فەرماندەی سوپای ڕۆژ ڕایگەیاند، لە دروستکردنی ناوچەی ''ئارام''دا دیار نییە ئەوان دەگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان، یان نا. بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەیان.
محەمەد ڕەجەب، لە لیدوانێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنەکەسە دەربارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە لەگەڵ وڵاتە جیهانییەکانی کە پەیوەستن بە پرسی سووریاوە بەردەوامن و ئەوەش داواکاریی فەرمیی خەڵکی کوردی ڕۆژئاوایە. بۆیە ئامانجمان ئەوەیە گیانی خەڵکی خۆمان لە تیرۆر ڕزگار بکەین."
ڕەجەب ئاماژەیشی دا: "پەیەدە هەموو کەس قبووڵ دەکات لە سووریادا هێزی هەبیت، تەنیا ڕیگە بە کورد نادات و بەتایبەت پێشمەرگەی ڕۆژ، خۆیان دەزانن ئێمە ناکەوینە ژێر دەستی هیچ لایەنێک و پشتیوانیی گەلی کوردمان دەبێت."
ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان دەبنە پاڵپشتی سەرەکیی گەلی کورد و ئەمە خواستی گەلی کوردە و دەزانن لەگەڵ چوونی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەوا خەڵک گرەنتیی ئەمنییان بۆ دروست دەبێت.
نازانین پەیەدە بۆ لە خۆی ناپرسێت ئەو خەڵکە بۆ لەژێر دەسەڵاتییاندا ڕا دەکەن. ئێمە دەڵێین تاکو پێشمەرگە نەگەڕێتەوە هیچ ئاوارەیەک ناگەڕێتەوە سووریا و ناوچەی ئارام. ڕەجەب وا دەڵێ.
لە ١٢ی ئاداری ٢٠١٢ی سوپای ڕۆژ لە کچ و کوڕی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا، بە مەبەستی بەرگریکردن لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان، کەچی پەیەدە ڕیگە نادات بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای سووریا و ئێستا لە ڕۆژئاوای دیجلە و لە میحوەری سحێلان بۆ بەرگریکردن لە خاکی باشووری کوردستان.
کــاروان بــاعەدری




