٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ژمارە و ئاماری هەڵە بە هاووڵاتیان دەدەن

سەرچاوە: Hewler

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ژمارە و ئاماری هەڵە بە هاووڵاتیان دەدەن و پەرلەمانتارێكی كوردستانیش پێی وایە كە بودجەی 2013 ئەوەندە رێكوپێكە و لە بەرژەوەندیی گشتیدایە كە رێگەی پڕوپاگەندەی سیاسیی لە ئۆپۆزسیۆن گرتووە، هەر بۆیەیش هەوڵی كوشتنی كات و چەواشەكردنی پڕۆژەكە و پێدانی زانیاریی هەڵە بە هاووڵاتیان دەدەن.

گفتوگۆكانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاسا بودجەی 2013 بەردەوامن و تاكوو ئێستا لە كۆی 80 پەرلەمانتار، زیاتر لە نیوەی پەرلەمانتاران قسەی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاساكە كردووە. هەموو پەرلەمانتارێك پێشوەخت جگە لە پڕۆژەیاسای بودجە راپۆرتی دارایی و ئابووری بۆ پڕۆژەكە كە 94 لاپەڕەیە و هەروەها راپۆرتی شیكاریی بەراوردكارییەكانی كە 90 لاپەڕەیە، لایەتی. بەڵام بە هەموو ئەوانەیشەوە بە گوتەی سەرۆكی فڕاكسیۆنی كوردستانی سۆزان خاڵە شەهاب ئۆپۆزسیۆن خۆی ئامار و ژمارەی لە دەرەوەی راپۆرتەكانی حكوومەت بڵاو دەكاتەوە و بە رۆژی ڕووناك خەڵكی پێ چەواشە دەكات.

ئەو بە ڕۆژنامەی هەولێر دەڵێ كە پەرلەمانتار مافی خۆیەتی بە ئازادانە قسەی خۆیان لەسەر بودجە بكەن. بەڵام بە رای ئەو ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەیكات، هەموو چەواشەكارییە، بەو واتایەی كە زانیاریی هەڵە بە هاووڵاتیان دەدات. سۆزان خاڵە شەهاب نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت كە لە فۆڕمەكانی وەزارەتی داراییدا بە عەرەبی باس لە ماددەیەك دەكات كە باس لە بۆنە و ئاهەنگەكان و یەكترناسینی قوتابیان و گەشتی زانستی دەكات، كەچی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ئەوە بە "ڕابوورادنی شەوانە" دەرخواردی خەڵك دەدەن. ئەوەیش بە گوتەی سەرۆكی فڕاكسیۆنی كوردستانی كارەساتە و ئەو نموونانە وای كردووە كە سۆزان شەهاب رێڕەوی گفتوگۆكانی پەرلەمان لەسەر بودجەی 2013 بە باش نەزانێت.

چەواشەكردنی زانیارییەكان
لە گفتوگۆكانی پەرلەمان لەسەر بودجەی 2013 هەموو پەرلەمانتاران قسەی خۆیان دەكەن و لەو نێوەندەیشدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن هەندێكیان زیاتر لە 25 خولەك قسە دەكەن. بە رای پەرلەمانتار عەبدولسەلام بەرواری هەموویان ئامار و ژمارە و قسەی یەكتر دووپات دەكەنەوە. بەرواری پێی وایە كە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵ دەدەن لە لۆژیكی خۆیان داتا و زانیارییەكان بە شێوەیەكی نێگەتیڤ نیشانی رای گشتی بدەن و ئەو زەینییەتە پێشوەخت ئامادەكراوەی ئۆپۆزسیۆن، كاریگەریی خراپی لەسەر رێڕەوی پڕۆسەكان دەبێت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە دووپاتكردنەوەی قسەی یەكتر لەلایەن پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن خەڵكی بێزار كردووە. عەبدولسەلام بەروارییش بە ئاڕاستەی گفتوگۆكان دڵخۆش نییە و دەڵێت كە دوای ئامادەكردنی وەڵامەكان لە لایەن لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە، ئۆپۆزسیۆن جارێكی تر رایدەگەیەنن كە وەڵامەكانیان وەرنەگرتووەتەوە و جارێكی تر گفتوگۆكان لە سەرەتاوە دەستیان پێدەكرێتەوە.

كورتهێنانی بودجە بە ڕێژەی 17% كەمی كردووە
ناواقیعیبوونی گەنگەشەكان و داتاشینی ژمارەكان لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت فڕاكسیۆنی گۆڕانەوە، گەییشتووەتە ئاستێك كە پەرلەمانتاری كوردستانی ئامینە زكری ناچار كرد پەرچەكدانەوەی توندی لە هۆڵی پەرلەمان بەرانبەر بە شەڕفرۆشتنەكەی گۆڕان هەبێت. ئامینە زكری بە ڕۆژنامەی هەولێر دەڵێ كە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن باس لەوە دەكەن كە كورتهێنان زیادی كردووە، لە كاتێكدا كورتهێنان لە 2013 بە رێژەی 17% بە نیسبەت 2012 كەمی كردووە. ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایشی كرد كە پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن هەیە كە چوار مانگ لە سەفەر بووە و چوار رۆژ دەوامی نەكردووە، كەچی قسەی زۆر سەیر و سەمەرە لەسەر بودجە دەكات. بە گوتەی ئامینە زكری بودجەی 2013 ئەوەندە رێكوپێكە و لە بەرژەوەندیی گشتیدایە كە جێگەی پڕوپاگەندەی سیاسیی بۆ ئۆپۆزسیۆن نەهێشتووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار