٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ماوەی یەک حەفتەدا ١٣٦ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان گوتی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵ و یاریکردن لەناو بەفری ناوچە شاخاوییەکاندا لە ماوەی یەک حەفتەدا ١٣٦ھەزار کەس سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "بە مەبەستی کاتبەسەربردن و بۆ ئاھەنگی سەری ساڵ و یاریکردن لەناو بەفری ناوچە شاخاوییەکاندا، لە ماوەی ٢٥ی ١٢ تاکو ٣١ی ١٢ی ٢٠١٨ زیاتر لە ١٣٦ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان."

نادر ڕۆستی گوتیشی: "بەراورد بە ھەمان کاتی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی گەشتیاران ١٥٢% زیادی کردووە، لە ھەمان کاتی ساڵی پار ٥٤ ھەزار گەشتیار ھاتبوون."

ڕۆستی باسی لەوەش کرد: "بەشی زۆری گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان."

ڕۆستی گوتی: "بنکەکانی گەشتیاری (ھۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری) پڕ ببوون لە گەشتیار."

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاشکرایشی کرد: "ئەگەر ھەر گەشتیارێک بە لایەنی کەمەوە ٢٠٠ دۆلاری بۆ بازاڕەکانی ھەرێم ھێنابێت، ئەوە ٢٧ ملیۆن دۆلار ھاتووەتە بازاڕەکانی ھەرێمەوە، ئەمەش ھۆکارێکی باشە بۆ جووڵاندنی بازاڕەکان و بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار