حاجی ئۆمەران.. لە دیوی ئێران وەك پێویست ڕێگەوبانەكان خاوێن نەكراونەتەوە

چۆمان-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێ، لەو سنوورە زیاتر لە 15 سانتیمەتر بەفر باریوە و لە دیوی ئێران وەك پێویست ڕێگەوبانەكان خاوێن نەكراونەتەوە، ئەوەش گرفتی بۆ گەشتیاران دروست كردووە. دەشڵێ، جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی، لە 2018ـدا زۆر زیادی كردووە.

سیروان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی:" لە سنووری حاجی ئۆمەران زیاتر لە 15 سم بەفر باریوە و تا ئێستایش بەفربارین بەردەوامە، راستە لە دیوی هەرێمی كوردستان تیمەكانی بەفرڕاماڵین سەرقاڵی خاوێنكردنەوەی ڕێگەوبانەكانن، بۆ ئەوەی گرفتی گەشتیاری و بازرگانی دروست نەبێت، بەڵام لە دیوی ئێران تیمەكان وەك پێویست ڕێگەبانەكانیان خاوێن نەكردووەتەوە".

حوسێن گوتیشی: "لە ساڵی 2018ـدا، جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی زۆر زیادی كردووە لە چاو ساڵی 2017، رۆژانە گەشتیارێكی زۆر هاتوچۆ دەكەن و جموجۆڵی بازرگانییش رۆژ بە رۆژ زیاتر بووە، چاوەڕوانیش دەكرێت لە ساڵی 2019 جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی زیاتر ببێت".

ڕابین شێروانی




