٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران: پارتی دەستپێشخەرییەكی باشی كردووە.. دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانكۆ، باس لە هەڵوێستی پارتی دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و باوەڕیان وایە، دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت و سەرجەم هەوڵەكانیش لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بن.

فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، دەبێ پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و، پشتیوانییش لە شاندی دانوستانكاری پارتی دەكەن بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

دوای هەڵوێستی فڕاكسیۆنی پارتی، پشتیوانییەكی زۆر لەناو خەڵك لەو بارەیەوە دروست بووە، د. دیندار نەجمان دۆسكی، شرۆڤەكاری سیاسی و ئەندامی پێشووی شوورای یەكگرتووی ئیسلامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پارتی دەستپێشخەرییەكی باشی كردووە و خەڵك چاوی لەوەیە حكوومەتی داهاتوو بەسەر قەیرانەكاندا سەركەوێت، بۆیە گرینگە هەرچی زووترە كار بكرێت بۆ خێرا پێكهێنانی حكوومەت، خەڵكیش بۆیە دەنگی داوە كە سوودمەند بێت لە بەرهەمی دەنگدانی و ناكرێت ئەو پرسە دوا بكەوێت".

دۆسكی، گوتیشی: "داواكارم برایانی پارتی كە براوەی سەرەكیی كوردستانن، بە خێرایی دەست بكەنەوە بە دانوستان لەگەڵ حزبەكان و پرسی پێكهێنانی حكوومەت یەكلا بكەنەوە، بۆ یەكێتییش گرینگە بە جیددی بێتە پێشەوە و نایشكرێت پرسی كەركووك وەك كارتی گوشار بەكار بهێنرێت، چونكە پرسی هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ پرسی كەركووكدا، دوو شتی جیاوازن و ناكرێت وەرەقەكان تێكەڵی یەكتری بكرێن".

هاوكات سۆران سێوكانی، رۆژنامەنووس و شرۆڤەكاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "حكوومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە، بۆیە ناتوانێت بەرنامەی ستراتیژیی درێژخایەن دابنێت و حكوومەتی دوای خۆیشی تووشی هەڵوێست دەبێت لەسەر هەندێك پرس، بۆیە گرینگە سەرجەم لایەنەكان پشتیوانی لە هەوڵەكانی پارتی بكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەت و هیوادارین لە كابینەی داهاتوودا مەسروور بارزانی بە ئەزموونێكی باش و سەركەوتووەوە رووبەڕووی قەیرانەكان ببێتەوە و سەرجەم حزبەكان پشتیوانی بكەن".

سێوكانی، گوتیشی: "ناكرێت هەندێك حزب بۆ دەستكەوتی زیاتر، وەرەقەی سیاسی تێكەڵی پێكهێنانی حكوومەت بكەن، یان بیانەوێت لە رێگای هەڕەشەكردنی پشكی 50 بە 50 مامەڵە بكەن، ئەمانە كارتی بەسەرچوون، ئێستا ئەگەر بڕیار بێت هەڵبژاردن پێوەری دەسەڵات بێت لە كوردستان، دەبێت بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵە بكرێت".

سۆران سێوكانی ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵەكانی پارتی و راگەیەنراوی فڕاكسیۆنی پارتی لەم دۆخەكەی كوردستاندا، زۆر باش بوو و جۆرێك بوو لە هەڵسانەوە لە چەقبەستوویی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت.

هەر لەم بارەیەوە، د. كەیوان ئازاد، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "دەبێت سەرجەم حزبەكان كار بكەن بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتدا، راگەیەنراوی فڕاكسیۆنی پارتییش لەو بارەیەوە زۆر باش بوو و ناكرێت پشكی زۆر و مەرامی سیاسی، بكرێتە كۆسپی بەردەم پێكهێنانی حكوومەت و پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، ئەوەی خەڵكی كوردستانیش داوای دەكات، خزمەتكردن و باشتركردنی ژیانی خەڵكە، بۆیە گرینگە سەرجەم هێزە سیاسییەكان كار بكەن بۆ ئەوەی هەرچی زووترە لەسەر كابینەی حكوومەت رێك بكەون".

د. كەیوان، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، گرینگە لە كابینەی داهاتوودا بەرنامەی كاری جیددی و بەهێز دابنرێت، تا سەرجەم لایەنەكان پشتیوانی بكەن و گرینگە هەوڵەكانی پارتییش لەو بارەیەوە نادیدە نەگیرێن، كە ئێستا دەیەوێت حكوومەت پێك بهێنێت.

 

راژیار هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار