٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاسایشی کەرکووک: ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات مەترسی دەگاتە نێو کەرکووک

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک گوتی، لەو ١٩ ھاووڵاتییەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن داعشەوە ڕفێندرابوون، تا ئێستا چارەنووسی حەوتیان دیار نییە،  کە سێ کەسیان کوردن و دۆخی ئەمنیی ناوچەکەش بە جۆرێک مەترسیدار بووە، ئەگەر وا بڕوات مەترسییەکان دەگەنە ناو شاری کەرکووک.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک، نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش چەند ڕۆژێک تیرۆریستانی داعش لە گوندی مەدەد لە سنووری ناحیەی ڕەشاد ١٤ کەسیان ڕفاند و پێنج  کەسی دیکەش لە گوندی قارەی سنووری دووزخورماتوو ڕفێندرابوون، کە چوار کەسیان کوردن و تا ئێستا حەوت کەس، کە سێ کەسیان کوردن، ئازاد نەکراون و ئەوانەی دیکەش لە لایەن داعشەوە ئازاد کراون."

نەقیب گۆران عەبدوڵڵا گوتیشی: "تا ئێستا چارەنووسی ئەو حەوت کەسە دیار نییە، چونکە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکەدا دروست بووە و ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیش ناتوانن ناوچەکە بپارێزن، بۆیە داعش سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەکی جددی."

باسی لەوەش کرد: "ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ئەمنیی سنووری کەرکووک زیاتر تێک دەچێت و نزیک دەبێتەوە لەوەی مەترسییەکان بگەنە ناو شاری کەرکووک، ئەگەریش دۆخەکە چارە نەکرێت و بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا مەترسی دەگاتە نێو کەرکووک."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار