٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەركووكی: دەبێت پڕۆسەی داگیركاری كۆتایی بێت.. جوان: زۆرینە دژی لادانی رێبوار تاڵەبانییە

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك -KDP.info- دوێنێ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاریان لەسەر لەكارلادانی رێبواری تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەكرد، لایەنەكانی كەركووكیش پشتیوانی لە سەرۆكی ئەنجوومەن دەكەن و داوای ئاساییكردنەوەی رەوشی شارەكەیان دەكەن، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، زۆرینەی لیستی برایەتی دژی ئەو ڕێككەوتنەن.

 جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوێنێ رێككەوتنێك لە نێوان یەكێتی و لایەنی عەرەبی و توركمانیی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كراوە بۆ ئەوەی رێبوار تاڵەبانی لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە و كەسێكی یەكێتی لە شوێنەكەی بكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەن، ئەوانەیشی لەگەڵ ئەو بڕیارەدان و ئیمزایان كردووە، ژمارەیان ٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە".

لای خۆشیەوە، عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی كەركووك پێویستی بە ئاساییكردنەوە ھەیە و دەبێت پڕۆسەی داگیركاری كۆتایی بێت، ھەر كاتێك ئێمە بگەڕێینەوە كەركووك، ھەموو ئەو بڕیارانەی لە سەردەمی داگیركاریدا دراون، ھەڵدەوەشێنینەوە".

كەركووكی ئەوەشی خستە ڕوو: "پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كەركووك یەكھەڵوێست بن بۆ چارەنووسی شارەكەیان و ناكرێت ئێمە ڕادەستی ئەو ھەوڵە نەزۆكانەی ئێستا ببین، كە دژی ھەندێ كەس و لایەنی سیاسیی شارەكە دەدرێن".

 جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كە دوێنێ بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كردووە لە كەركووك، دەڵێت: "زۆرینەی لیستی برایەتی دژی ئەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و توركمان و عەرەبن، بە دووریشی دەزانم سەر بگرێت، چونكە رێككەوتنەكە كراوەتە نووسراو بۆ ئەوەی ئەنجوومەن لە كۆبوونەوەی داھاتوودا دەنگی لەسەر بدات، بەڵام ھەندێ ئەندام ھەیە لە كەركووكە، بەڵام دوو ساڵە نەھاتووەتە ئەنجوومەن و یەك كەسیش لەو ٢١ ئەندامە ئامادە نەبێت، رێژەی یاسایی تەواو نابێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار