٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھێزە ئەمنییەكان دەكەونە ئامادەباشییەوە.. ھۆتێل و میوانخانەكانی پایته‌خت پڕ بوون

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، لە ئێستاوە ھۆتێل و میوانخانەكانی ھەرێمی كوردستان پڕ بوون لە گەشتیار، بۆیە پێشبینی دەكرێت بۆ سەری ساڵ ژمارەی گەشتیاران دوو ھێندەی ساڵی ڕابردوو بێت. بەڕێوەبەری پۆلیسیش دەڵێ، لە پاشنیوەڕۆوە ھێزە ئەمنییەكان دەكەونە ئامادەباشییەوە و پلانێكی تۆكمە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی دانراوە.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی كوردستان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە بۆ جەژنی سەری ساڵ و، ھەر لە ئێستاوە هۆتێل و میوانخانەكانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆك پڕ بوون لە گەشتیار، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەی گەشتیاران زۆر زیاتر بێت بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو".

ڕۆستی گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو بۆ جەژنی سەری ساڵ ٥٤ھەزار گەشتیار ھاتبوونە ھەرێمی كوردستان، بۆیە ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ نزیكەی دوو ھێندە زیاتر بێت، چونكە لە ھەموو ڕوویەكەوە كەشەكە لەبارترە".

دەشڵێ: "چەندین ھۆكار ھەن كە ژمارەی گەشتیاران بۆ ھەرێمی كوردستان زیاتر بێت، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ساڵ بە ساڵ ژمارەی گەشتیاران لە زیادبووندایە بەپێی ئەو پلانەی كاریان لەسەر كردووە و، ھۆكارەكانی زیادبوونی گەشتیارانیش ئەوەن كە شەڕی داعش نەماوە و دۆخی ئابووری باشتر بووە و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدایش ئاساییە و دۆخی ناوچەكە ئارامترە".

هەر لەو بارەیەوە، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، ئاشكرای كرد: "لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر لە رۆژی ٢٥ی مانگەوە پلانێكی ئەمنیی تۆكمەی بۆ پشووەكانی سەری ساڵی زایینی داناوە و لە چەند رۆژی رابردوودا لایەنە ئەمنییەكان كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی لە كەشێكی ئارامدا سەری ساڵ بەڕێ بكەین و پێشوازی لە ساڵی نوێی ٢٠١٩ بكەین، ئەمڕۆیش ١٠٠%ی پلانەكە جێبەجێ دەكرێت و ھەموو ئامادەكارییەك كراوە لە ڕووی ئەمنییەوە تا ئەمشەو بە شێوەیەكی ئارام جەژنی سەری ساڵ بكرێتەوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بڕیارە ئەمشە و لە نێو سەنتەری شاری ھەولێر و شارەدێی عەینكاوە ٨٢ ئاھەنگی جۆراوجۆر بەڕێوە بچن و ئاساییش لەگەڵ پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆ و نەھێشتنی تاوان، تا بەیانی لە ئەركدا دەبن بۆ ئەوەی ھیچ كێشەیەك روو نەدات، ھەر كەسێكیش بیەوێ كێشە بنێتەوە و خۆشیی جەژن لە ھاووڵاتیان تێك بدات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و بەپێی یاسا سزای توندی ھەیە".

تەڵعەت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تا ئێستا زیاتر لە پەنجا ھەزار میوان لە دەرەوەی شاری ھەولێرەوە بۆ بەشداری كردن لە ئاھەنگی سەری ساڵ گەییشتوونەتە شاری ھەولێر و پێشبینی دەكرێت ژمارەی میوانانی شاری ھەولێر بگاتە زیاتر لە ٦٠ ھەزار كەس، كە لە وڵاتانی بیانی و ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە روویان لە پایتەختی ھەرێمی كوردستان كردووە".

 

بڵند ئیبراهیم - قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار