د. بەشیر: ئەوەی لەبارهی بودجە بڵاو كراوەتەوە كۆتایی كارەكە نییە

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەبودجەی ساڵی 2019 لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا بەردەوامە و، شاییستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمیش یەكلا بووەتەوە و بڕیاری خەرجكردنی پارەكانیان دراوە.
دادگای رەسافەی بەغدا، رۆژی 26-12-2018 لەبارەی خەرجكردنی پارەی جووتیارانی ھەرێم بۆ ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بڕیاری دا كە، پێویستە حكوومەتی عێراق لە ماوەی مانگێكدا پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان خەرج بكات، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراقیش لە ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام خوێندنەوەی دووەمی بۆ دوای سەری ساڵ دوا خراوە.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەربارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2019ی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەبودجەی ساڵی 2019 لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەردەوامە، كاری لەپێشینەی ئێمەیش دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەش رێككەوتنی لەسەر كراوە و لە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر كراوە".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، روونیشی كردەوە: "ئەوەی ئێستا لەسەر بودجە بڵاو كراوەتەوە، كۆتایی كارەكە نییە، كار دەكەین بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە قەرز و كرێی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دابین بكرێت و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك مووچەی پێشمەرگە، بخەینە سەر وەزارەتی وەزارەتی بەرگریی عێراق و مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش لە دەقە یاساییەكان زیاد بكرێت".
دەشڵێ، لەو سیناریۆیانەی بۆ بودجەی هەرێمی كوردستان دانراون، كامەیان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، ئەوە جێبەجێ دەكەن.
پەیوەست بە خەرجكردنی شاییستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش، حەداد گوتی: "شاییستە داراییەكانی جووتیاران یەكلا بووەتەوە و لیژنەی كشتوكاڵ لەگەڵ وەزیری بازرگانی و وەزیری كشتوكاڵ، بڕیاریان دا بە خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ."
نەشوان بەرزنجی




