دوو ونبووی دیكەی ھەڵەبجە دۆزرانەوە

ھەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە گوتی، شاندێكیان سەردانی ئێرانی كردووە و بۆیان دەركەوتووە كە دوو ونبووی دیكەی ھەڵەبجە لە ئێرانن. دەشڵێ: "لە دوای پشووی سەری ساڵ سەردانمان دەكەن و پشكنینیان بۆ دەكەین".
لوقمان عەبدولقادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجەی شەھید سەردانی وڵاتی ئێرانمان كرد و لەو سەردانەدا بەدواداچوونمان بۆ ونبووەكان كردووە و بۆمان دەركەوت كچێك و كوڕێكی دیكە باسیان لەوە كردووە كە ئەوانیش ونبووی ھەڵەبجەی شەھیدن و لە دوای كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە چوونەتە ئێران و تاوەكو ئێستا لەوێن و نازانن كەسوكاریان كێن".
عەبدولقادر گوتیشی: "بڕیارە دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ، ئەو دوو كەسە سەردانی ھەڵەبجەی شەھید بكەن و ئێمەیش پشكنینیان بۆ دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین كەسوكاری ئەو دوو كەسەیە كێن".
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە، زیاتر گوتی: "پتر لە ٨٠ خێزان لە ھەڵەبجە ھەن كە منداڵی ونبوویان ھەیە و تاوەكو ئێستایش ھەشت كەس دۆزراونەتەوە و بە كەسوكاری خۆیان شاد بوونەتەوە".
بڵند ئیبراھیم




