پێویستە پەیەدە لەگەڵ ھێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان گوتارێكی ھاوبەش ئامادە بكەن

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- دوای ئەوەی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی لە سووریا دەركرد، پەیەدە دەستی كرد بە دانوستان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد و چەند رۆژێكە ھێزەكانی رژێم گەڕاونەتەوە بۆ شاری مونبج، مامۆستایەكی زانكۆیش دەڵێ، كوردانی رۆژئاوا بوونەتە قوربانیی ھەڵەكانی سیاسەتی پەیەدە و پەكەكە.
دكتۆر ساڵح مەلا عومەر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان پێی وایە، پەیەدە كەتووەتە كێشە و ھەڵەی ستراتیژییەوە، بەوەی كێشەكانی، لەگەڵ كێشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" تێكەڵ كردووە، ئەمەیش بووەتە ھۆی ئەوەی توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان بوەستێتەوە و گوشارێكی زۆر بخرێتە سەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان، دوای بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، ھیچ پاڵپشتییەك نامێنێ بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیارەتیی نێوان توركیا و پەیەدە، "دەتوانم بڵێم رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ھیچ رۆڵێكی نابێت لەو كێشانەدا، بەداخەوە پەیەدە كوردانی رۆژئاوای كوردستانی كردە قوربانیی سیاسەتی ھەڵەی خۆی".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویست بوو پەیەدە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان پلانی ھەبووایە، نەوەك خۆی وابەستە بكات بە سیاسەتی پەكەكەوە، ئەگەر ھێزە كوردییەكانی رۆژئاوا پێكەوە پلانیان ھەبووایە، بێگومان دەرئەنجامی زۆر باشی دەبوو لەسەر دۆزی كورد لە سووریا، چونكە ناكرێت پەیەدە گەڕانەوەی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر سنوورەكان، وەك سەركەوتن وەسف بكات بەرانبەر بە توركیا، لەبەر ئەوەی گەڕانەوەی رژێم نیشانەیە بۆ ئەوەی دوای چەندین ھەزار شەھید و ئاوارە و مالوێرانی، دەگەڕێیتەوە سەر خاڵی سفر".
مەلا عومەر دەڵێت: "لە چەند ساڵی رابردوودا پەیەدە نەیتوانی داخوازییەكانی كورد بگەیەنێتە جێ، بە پێچەوانەوە رێگریش بووە لە ھەوڵەكانی پێشوو، ھەر ئەوەش وای كرد نزیكەی ٤٠٠ ھەزار كوردی رۆژئاوا ئاوارەی ھەرێمی كوردستان و ناوچە ببن، ئەوان ناھێڵن خەڵكی رۆژئاوا بگەڕێتەوە و بە شێوەیەكی دروست داوای مافەكانی خۆیان بكەن، پێم وایە لەسەر پەیەدە پێویستە سیاسەتی خۆی لە پەكەكە جیا بكاتەوە و لەگەڵ ھێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان گوتارێكی ھاوبەش ئامادە بكەن بۆ قۆناغی داھاتوو، لەسەر ئەو بنەمایە دانوستان لەگەڵ ھەموو لایەنەكان بكات، ھەتا ئەگەر بكرێت لەگەڵ توركیا دانوستان بكەن بۆ ئەوەی ئەو ھەڵەتێگەییشتنەی توركیا ھەیەتی، بڕەوێتەوە".
قائید میرۆ




