٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری مەسیحییەكان: سەردانی سەرۆكوەزیران گرینگیدانی فاتیكانە بە ھەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- شەوی ڕابردوو، سەرۆكوەزیرانی فاتیكان گەییشتە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە ئەمڕۆیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستاندا كۆ ببێتەوە. نوێنەرێكی مەسیحییەكانیش دەڵێ، سەرۆكوەزیرانی فاتیكان ھاتووە سوپاسی حكوومەتی ھەرێم بكات، كە لە كاتی ھاتنی داعشدا، بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، ھەرێم دەرگای بۆ ئاوارە مەسیحییەكان كردەوە.

وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسیحییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "سەرۆكوەزیرانی فاتیكان دوای سەردانی بەغدا، شەوی ڕابردوو گەییشتە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە ئەمڕۆیش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستاندا كۆ ببێتەوە و تێیدا سوپاسی حكوومەت و ھەرێمی كوردستان بكات، كە ھەرێمی كوردستان بەردەوام شوێنی پێكەوەژیانی پێكھاتەكانە و لە كاتی شەڕی داعشیش بە فەرمانی سەرۆك بارزانی، سەرەڕای قەیرانی دارایی، ھەرێم دەرگای بە ڕووی ئاوارە مەسیحییەكاندا كردەوە و تاوەكو ئێستایش لە ھەرێم ماون و نەگەڕاونەتەوە، كە ئەم ھەڵوێستەی ھەرێم، لای فاتیكان بەرز دەنرخێندرێت".

ھورمز گوتیشی، سەردانی سەرۆكوەزیرانی فاتیكان بۆ ھەرێمی كوردستان، لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە گرینگیی زۆر ھەیە و بەھێزیی پێگەی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگەیێنێت، هەروەها گرینگیدانی فاتیكانیشە بە ھەرێمی كوردستان، كە ئەمەیش لای وڵاتانی جیھان زۆر جێی بایەخە".

دەشڵێ، ئەمڕۆ لە میانەی كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیرانی فاتیكان لە ھەرێمی كوردستاندا، دیار دەبێت كە چی لە ھەگبەدایە بۆ مەسیحییەكان و، دوای بەرپرسانی باڵای ھەرێمیش سەردانی چ شوێنێكی دیكە دەكات.

لای خۆیشیەوە، سكرتێری حیزبی بەیت نەھرێن، ڕۆمیۆ ھەكاری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، سەردانی سەرۆكوەزیرانی فاتیكان گرینگیی زۆری ھەیە لەم دۆخەی ئێستادا و كارێكی زۆر باشە، كە بڕیارە لە میانەی سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێم كۆ ببێتەوە و سەردانی كەمپی ئاوارە مەسیحییەكان بكات، هەروەها سەردانی ھەندێك شوێن لە دەشتی نەینەوا دەكات كە خەڵكەكەی گەڕاونەتەوە، بۆیە سەردانەكە زۆر ئیجابییە و بەرھەمی باشیشی دەبێت.

هەكاری گوتیشی، سەرۆكوەزیرانی فاتیكان، جگە لەو پۆستەی، نوێنەری فاتیكانیشە، بۆیە سەردانەكە كاریگەریی مەعنەوییشی دەبێت بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەرێنەوە بۆ سەر شوێنی خۆیان و ھەوڵ بدرێت ناوچەكە ئارام ببێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار