ڕێبوار تاڵەبانی: هەڵكردنی ئاڵا یاساییە.. سەدا ٨٦ی كەركووكیهكان دەنگیان بۆ ریفراندۆم داوە

هەولێر-KDP.info- دوێنێ دادگای كەركووك سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە دەركرد، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیش بە نادەستووری ناوی دەبات.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە پرێسكۆنفڕانسێكدا بۆ مێدیاكان، رایگەیاند، كە ئەو سزایەی لە دادگای كەركووك بۆی دەرچووە، نایاساییە و بە هۆی هەڵوێستەكانییەوە بووە، تەحەددایشی كرد كە ١٤ ساڵ كاری لەو ئەنجوومەنەدا كردووە بێ ئەوەی هیچ خاڵێكی رەشی لەسەر بووبێت.
تاڵەبانی روونیشی كردەوە، كە بەپێی ماددەی ٢ی دەستوور، رێ نادرێت سوپا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان بەكار بهێندرێت، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لە شارەكە، گوتی: "ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر داوە و كارێكی یاساییە".
رێبوار تاڵەبانی ئەوەشی خستە روو، كە لەسەدا ٨٦ی خەڵكی كەركووك دەنگیان بۆ ریفراندۆم داوە، ئەوان دژی ١٦ی ئۆكتۆبەر بوون، جەختی لەوەش كردەوە، كە "لەناو شارەكەدا كۆمەڵێك ئەحزابی جۆراوجۆر هەن نایانەوێت بارودۆخەكە باش بێت".
سەبارەت بە گەڕانەوەیشی بۆ كەركووك، رایگەیاند، كە پۆستەكەی و بەرپرسیارێتییەكەی ڕێ بەوە نادا بگەڕێتەوە، بەو پێیەی گەڕانەوەی ناوبراو دەبێتە هۆی شەرعییەتدان داگیركاریی كەركووك و ئەو حوكمە عەسكەرتارییەتەی لە شارەكەدا هەیە.
لابردنی بەرپرسە كوردەكان و دانانی كەسانی دیكەی سەر بە نەتەوەكانی دیكەیشی، بە نایاسایی ناو برد و گوتی: "٣٠ بەڕێوەبەری كورد دەكراون، خۆ سەددامیش ئەوەی دەكرد، بەپێی یاسا، ئەنجوومەن بۆی هەیە بەڕێوەبەر لابات و بیگۆڕێت، ئەی دادگا بۆ دەنگی نییە؟ ئەوەی ئێستا لە كەركووك دەكرێت، دەبێ دادگایی بكرێت، ئەی دادگا لە كوێ بوو، كاتێ پێشمەرگەكانمان تیرۆریستیان دەستگیر دەكرد و رەوانەی دادگا دەكران، لە بری ئەوەی سزا بدرێن، بەردەدران".
ئەو باسی لە دزینی نەوتی شارەكەیش كرد و ئاماژەی دا، كە ئێستا ئامر فەسیلێك و مفەوەزێك نەوتی كەركووك بە شەراكەتی توركمان و مەسیحی و عەرەب دەدزن، كوا دادگا، كوا بڕیاری دادگا بۆ هەڵگرتنی گومرگەكان.
لە كۆتاییشدا گوتی: "حوكمدانی منیش سەبەرزیمە، لەبەر ئەوەی هەڵوێستم هەبووە، ئێستا هەموو حیزبەكان كۆڕان لەسەر ئەوەی ئەو حوكمە عەسكەرتارییەتەی كەركووك نەمێنێت، لە كاتێكدا من لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا داوای ئەوەم كردووە، ببینن بەردەم زانكۆكان هێزی حەشد و سوپای بە مدرعەوە لێیە".
خێڵان بهختیار




