٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەعفەر شێخ مستەفا: ھێرش و تەقینەوەکانی خانەقین کاری حەشدە، نەک داعش

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- لەسەر ھێرش و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی سنووری قەزای خانەقین، گومان بۆ خەڵکی ناوچەکە پەیدا بووە و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، داعش ھێرشی نەکردووە، بەڵکو حەشد و ھەندێ گرووپ بە سیناریۆ تەقە دەکەن و دەیانەوێ خەڵک چەکدار بکەن و درێژە بە دانانی خاڵی پشکنین بدەن بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ھێرش کرایە سەر کارگەیەکی گاز لە خانەقین و بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمنیی ناوچەکە، چەکدارەکان ویستوویانە بچنە نێو کارگەکەوە، بەڵام پاسەوانەکانی کارگەکە بەرەنگاریان بوونەتەوە. لەوبارەیەوە جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین ئاشکرای کرد: "ئەو ھێرشانەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردوو لە خانەقین ڕوویان داوە، جێگەی گومانن و چەکدارانی داعش ئەنجامیان نەداون، چونکە ماوەیەک پێشتر ھێرش کرایە سەر خاڵی باوە مەحموود، تەنیا نۆ فیشەک ئاراستەی خاڵەکە کرابوو، کەچی ھێزەکانی ناوچەکە نۆ ھەزار فیشەکیان تەقاندبوو، ئەمە گومانی لای خەڵکی ناوچەکە پەیدا کردووە. ئەوەیشی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ھێرش کراوەتە سەر کارگەی گازەکە و پێشتریش لە چەند شوێنێک تەقە ھەبووە بە ھیچ شێوەیەک چەکداری داعش نەبوونە."

بەرپرسەکەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی و چەند گرووپێکی دیکە لە ناوچەکە پەیدا بوون و خۆیان وەک سیناریۆ ئەو ھێرشانە دەکەن، چونکە ئەگەر ڕاستە داعش گەیشتووەتە ئەو سنوورە، ئەو ھەموو ھامەر و چەکە قورسەی ھێناویانە بۆ خانەقین بەو ژمارە زۆرەی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵ و حەشدەوە چی دەکەن لەوێ، بۆچی بەرگری ناکەن."

جەعفەر شێخ مستەقا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مەبەستی ھێرش و ڕووداوانەی حەشدی شەعبی بۆ دوو خاڵە، یەکەم دەیانەوێ ئاڵۆزی بنێنەوە تا خاڵی پشکنین دابنێن و باج لە خەڵک و بازرگانان وەربگرن، دووەم ماوەیەکە فشاریان خستووەتە سەر خەڵک تا چەکیان بۆ ھەڵگرن و ببنە چەکداری حەشدی شەعبی. بۆ نموونە، حەشد زۆری بۆ عەرەبەکانی سەردەمی مەلیک فەیسەڵ لە دەوروبەری خانەقین هێناوە، کە دەبێ بەخۆشی و ناخۆشی چەکدار بکرێن و پەیوەندییان پێوە بکەن."

لەبارەی ھەبوونی جووڵەی داعشەوە، جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: "چەکداری داعش لەو سنوورە ھەیە، بەڵام زۆر دوورە لە خانەقینەوە، ھەندێ گرووپی دیکە دروست بوونە، کەس نازانێ سەر بە کێن و فەرمان لە کێ وەردەگرن، ھەر ھەرزەکارێک هاتووە گرووپێکی بۆ خۆی دروست کردووە و ئاڵۆزی دەنێتەوە بۆ ئەوەی جێگەی خۆی بکاتەوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار