٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پلان بۆ هاتنی گەشتیاران دانراوە.. پۆلیس ڕێوشوێنی ئەمنیی توند دەگرێتە بەر

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیێنێت، پلانیان بۆ هاتنی گەشتیاران داناوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش دەڵێ، جیاواز لە ساڵانی پێشوو، ڕێوشوێنی ئەمنیی توندتر دەگرنە بەر، بەو پێیەی گەشتیارێكی زۆری ناوەڕاست و باشوور هاتوون و دێنە هەولێر.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لەو پلان و بەرنامانەی دەستەكەیان دەكات، كە بۆ ساڵی نوێ و هاتنی گەشتیاران ئەنجامی دەدەن، وەك چالاكی و فێستیڤاڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو، كە لە ناوچە بەفراوییەكانی هەرێم ئەنجامیان داون و بوونەتە هۆی راكێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، بەرنامەیەكی تایبەتتریان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی شار و شارۆچكەكانی هەولێر هەیە، هێزە ئەمنییەكانیش لە پۆلیسی هەولێر و ئاساییش و پۆلیسی هاتوچۆ پێك هاتوون، كە لە دوێنێ شەوەوە دەستیان بە بەرنامەكانیان كردووە و لە دوای هاتنی سەری ساڵی نوێ كۆتایی پێ دێت.

گوتەبێژەكەی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، سەبارەت بە بەرنامەی دەستەكەیان، روونی دەكاتەوە، كە بەرنامە و پلانێكی ستراتیژییان تا ساڵی ٢٠٢٥ هەیە بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان و، دەخوازن ناوچە گەشتوگوزارییەكان بكەنە ناوچەی گەشتیاریی جیهانی، وەك خۆیشی روونی كردەوە، پلانی تایبەتیان بۆ هەر وەرزێك داناوە.

لیوا عەبدولخالق، هۆكاری ئەو بەرنامە تایبەت و جیاواز لە ساڵانی پێشووەیشی سەبارەت بە پاراستنی ئارامی لە هاتنی سەری ساڵی نوێدا، بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە ئەمساڵ ئاهەنگ و فێستیڤاڵی جیاواز و زیاتر لە ناوشاری هەولێر و دەوروبەری ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ هەبوونی نوێژی قەدداسەتی مەسیحییەكان، كە لە هەموو كەنیسەكانی هەولێر و دەوروبەری ئەنجام دەدرێت.

تەڵعەت، ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە خەڵكانێكی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە مەبەستی گەشتوگوزاری زستانە سەردانی هەولێر دەكەن، ئەویش بە مەبەستی بەشداریكردنیان لەو ئاهەنگانەی سەری ساڵ، كە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێن، وەك خۆی گوتیشی: "بەپێی زانیارییەكانمان، گەشتیاران بەرنامەیان هەیە سەردانی چیای كۆڕەكیش بكەن، بەو پێیەی بەفرێكی زۆر باریوە، هەر بۆیە بەرنامەكانمان لە ساڵانی پێشوو توندوتۆڵتر دەبن". 

نادر ڕۆستی جەخت دەكاتەوە، بۆ ئەمساڵ لەبەر ئەوەی گەشتیاری ناوەڕاست و باشوور سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەو نێوەندەیشدا هەولێر، بەرنامەی تایبەتیان بۆ پێشوازیكردنی گەشتیاران هەیە و دەشڵێ: "بڵاوكراوەمان لە دەستەی گشتیی گەشتوگوازار لە رێی سۆشیال مێدیاوە بڵاو كردووەتەوە، بە تایبەت بۆ شار و شارۆچكەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و چۆنیەتیی پێشوازییەكانمان لە گەشتیاران راگەیاندووە، تا سەرنجیان بەرەو گەشتی زستانەی هەرێمی كوردستان ڕابكێشین".

گوتەبێژەكەی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، نایشارێتەوە كە بە هۆی كەمیی بودجەیان، لەگەڵ كۆمپانیاكان رێككەوتنیان كردووە، كە هاوكار بن لە سازدانی چالاكی و فێستیڤاڵ بۆ گەشتیاران، بە تایبەت لە ناوچە بەفراوییەكان، ئەویش وەك ساڵی پار، كە دوو فێستیڤاڵیان لە هەریەكە لە سۆران و چۆمان ئەنجام داوە و تێیدا توانیویانە سەرنجی گەشتیاران رابكێشن.

سەبارەت بە رازاندنەوەی شوێنە گشتیییەكان و سازدانی ئاهەنگەكانیش لە هۆتێل و شوێنە تایبەتییەكان، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم رێككەوتنیان ئەنجام داوە، ئەویش لە پێناو بەخشینی سیمایەكی جوان و شارستانیانە، بە مەبەستی جوان بەڕێوەچوونی بۆنەكانی كریسمس و سەری ساڵی زایینی.

گوتەبێژەكە ئەوەش روون دەكاتەوە، كە لە رێی بەڕێوەبەرایەتییەكانیانەوە لە سەرجەم شارەكانی هەرێم، بەرنامەیان داڕشتووە، كە لە شوێنە گشتییەكانیشدا ئاهەنگی تایبەت بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران ساز بكرێت.

نارد ڕۆستی روونی دەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە، پەیوەندییان بە چەندین كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت كردووە، كە گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بێنن، هەموو ئەو چالاكی و ئامادەكارییانەیش كراون، بە پشتبەستن بە كەرتی تایبەت تا بتوانن ئەو چالاكی و بەرنامانەی دەستەكەیان بۆ بواری گەشتیاری هەیانە، سەركەوتوو بن.

 

خێڵان بەختیار

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار