بەفر چەند قەزا و ئاواییەکی سپیپۆش کرد

كوردستان -KDP.info- شەپۆلێكی بەفربارین زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بەو هۆیەوە ڕێگەی دەیان گوند و ئاوایی گیراوە و تیمەكانی بەفرڕاماڵین خەریكی خاوێنكردنەوەی ڕێگاكانن بۆ ئەوەی گرفتی هاتوچۆ دروست نەبێت.

لە سنووری قەزاكانی ڕانیە، چۆمان، ڕواندز، سۆران، مێرگەسۆر و ئامێدی بەفر باریوە و تا ئێستاش بەفربارین بەردەوامە و لە هەندێك گوند و ئاوایی، نزیكەی 20 سم بەفر باریوە، لە زنجیرەچیاكانیش زیاتر لە 30 سم باریوە. هەندێك لە بەرپرسانی ئەو قەزایانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دووان و، دەڵێن، ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە سەنتەری قەزاكان، گوند و ئاواییەكان بەفر باریوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە تیمەكانی بەفرڕاماڵین خەریكی خاوێنكردنەوەی ڕێگە گشتییەكانن، بۆ ئەوەی گرفتی هاتوچۆ دروست نەبێت، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن، ئەگەر تا بەیانی بەو شێوەیە بەفر ببارێت، ڕێژەیەكی زۆر بەفر دەبارێت، بەوەش گرفتی هاتوچۆ دروست دەبێت و هاووڵاتیان ناتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن.
ڕابین شێروانی




