سەركردەیەكی هەسەدە: گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوا، خواستێكی نێودەوڵەتییە

دهۆك-KDP.info- سەركردەیەكی پێشووی هەسەدە ڕایدەگەیێنێت، پەیەدە فرەحوكمی قەبووڵ نییە و دەیەوێ لە ناوچەكەدا تەنیا خۆی دەستەڵاتدار و حوكمڕان بێت. دەشڵێ، گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، خواستێكی نێودەوڵەتییە.
چەندین جارە پێشمەرگەی ڕۆژ هەوڵ دەدات بچێتە ڕۆژئاوای كوردستان و، خەڵكی ئەو پارچەیەی كوردستانیش چاویان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام پەیەدە قەبووڵ ناكەت.
لەو بارەیەوە، عەمید حوسامەددین عەواق، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "زۆر جار هەوڵمان داوە كێشەی ڕۆژئاوا بگەیێنینە سەرۆك بارزانی و دەستەڵاتی باشوور، كەچی پەیەدە قبووڵ ناكات، بە بۆچوونی ئێمەیش چارەكردنی كێشەی ڕۆژئاوا لای سەرۆك بارزانییە، بەڵام پەیەدە تاكلایەنە حوكم دەكات".
سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ رۆژئاوا، كە ئێستا بووەتە ڕۆژەڤ، ئەو سەركردەیەی پێشووی هەدەسە دەڵێ: "دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونكە ئەوان ڕۆڵەی ئەو وڵاتەن و ئێستایش خواستێكی نێودەوڵەتی و نێوخۆییش لەسەر گەڕانەوەیان هەیە".
"پەیەدە خۆی نازانێت لە رۆژئاوا چی دەكات، هەندێك جار لەگەڵ رژێم و هەندێك جاریش دەڵێت وڵاتان خەنجەرمان لێ دەدەن، هیچ ئاسۆیەكی ڕوونیشی بۆ هاووڵاتیانی ئەو پارچەیە نەهێشتووەتەوە". عەواق وای گوت.
كــاروان بــاعەدری




