وەزارەتی پێشمەرگە: بەدواداچوون بۆ پێشمەرگەكانی ئێزدیخان دەكەین

ههولێر-KDP.info- حەشدی شەعبی، بەسەر هێزێكی پێشمەرگەی ئێزدیخاندا دەدەن و چەند كەسێكیان لێ دەستبەسەر دەكەن، فەرماندەیەكی وەزارەتی پێشمەرگەیش رایدەگەیێنێت، ئەو كێشەیە دەبێ لە ڕێی وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمەوە چارە بكرێت.
شەوی رابردوو، هێزێكی حەشدی شەعبی لە شنگال بەسەر پێشمەرگەكانی ئێزدیخانیان دادا و چەند پێشمەرگەیەكیشیان لێ دەستبەسەر كردن، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەرپرسی ژووری هۆشیاری و نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ٣٢ پێشمەرگە دەستبەسەر كراون.
لیوا بابەكر روونی دەكاتەوە، باری نائاسایی ناوچەكە و جیۆگرافیای شوێنەكە وا دەكات، كە ئەو بارودۆخە نەخوازراوانە روو بدەن، ناشیشارێتەوە، بوونی چەندین هێزی جیاواز لەوێ، هۆكارە بۆ ئەوەی وەك پێویست هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوانیاندا نەبێت.
بە گوتەی لیوا بابەكر، ئەو هێزەی ئێزدیخان لە بارەگای خۆیان بەرەو گوندێكی دیكە دەرچوون، لەبەر ئەوەش بووە كە حەشدی شەعبی داویانە بەسەریاندا و ئەو پێشمەرگانەی دەستبەسەر كردوون و رادەستی هێزەكانی عێراقیان كردوون.
ناوبراو جەختی لەوەش كردەوە، وەك وەزارەتی پێشمەرگە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە دەكەن، ئەو كارەیش بە ئەنقەست ناو نابات، بەڵكوو بە لێكتێنەگەییشتن ناوزەندی دەكات، وەك قاسم شەشۆیش رایگەیاندووە، تا دوانیوەڕۆ مۆڵەتیان بە حەشدی شەعبی داوە، گەرنا كاردانەوەیان دەبێت، لەو بارەیەوە لیوا بابەكر گوتی: "هەندێ لەو هێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نین، بەڵكوو هێزێكی ناوچەیین و لە ژێر دەسەڵاتەكانی دیكەن، پێم وا نییە پێكدادان دروست بێت، تەنیا گوشارێكە، دەبێت ئەو كارەیش لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمەوە چارە بكرێت، نەك لە رێی كەسی و چەكەوە".
لیوا بابەكر ئاماژەیشی دا، هێزەكانی ئێزیدخان تەنیا وەك هاوكار سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، نەك وەك پێكهاتەكانی دیكەی هێزەكانی سەر بە وەزارەت رێكخراو بن، ماف و ئیمتیازاتیشیان بە شێوەیەكی فەرمی بۆ دەستەبەر ناكرێت، گوتیشی: "ئەوان وەك خۆبەخش وان و هێزێكی ناوچەیین و ڕۆڵ دەگێڕن".
خێڵان بەختیار




