٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەرەباندنی ناوچەی كریستیانان، كڵێسای نیگەران کردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

دەشتی نەینەوا -KDP.info- دوای ئەوەی حەشدی شەعبی لە نزیك مووسڵ لەسەر زەوییەكی بەرفراوانی موڵكی كریستیانەكان خەریكی دروستكردنی ھەزاران خانوو بوو، كڵێسا ھاتووەتە دەنگ و بەرپرسێكی كریستیانەكانیش دەڵێ، لە بەرتلە و تلكێف داگیركاری بەردەوامە.

خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كریستیانەكان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "پڕۆسەی عەرەباندن لە ناوچە كریستیاننشینەكان بەردەوامی ھەیە و كڵێسا بەرەنگاریان بووەتەوە، چونكە حەشدی شەعبی دەیەوێ دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بگۆڕێت، لە ھەردوو شارۆچكەی تلكێف و بەرتلەیش موڵك و ماڵی كریستیانەكان لەلایەن میلیشاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كراون".

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كریستیانەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "حەشدی شەعبی دەیەوێ بە لێشاو زەوی بەسەر خەڵكی خۆیاندا لە ناوچەی كریستیانەكان دابەش بكات و تەنیا لە شارۆچكەی بەرتلەی نزیك مووسڵ كار بۆ جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەكەن، كە ھەردوو پڕۆژەكە ھەزاران یەكەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرن، ئەمەیش ستەمێكی دیكەیە لە خەڵكی ئێمە دەكرێت وەك پێكھاتەیەكی رەسەنی ناوچەكە".

جەمال زیاتر گوتی: "حەشدی شەعبی زەوییەكی زۆری كریستیانەكانی دابڕاندووە بۆ جێبەجێكردنی ھەردوو پڕۆژەكە و دەیانەوێ جگە لە دروستكردنی ھەزاران خانوو، ژمارەیەك تەلاری دیكەیش لەسەر زەویی كریستیانەكان بینا بكەن، بەڵام ئێستا كڵێسا زۆر بە تۆندی ھاتووەتە سەر هێڵ و پڕۆژەكەیان راگرتووە، ئینجا نازانین لە داھاتوودا چی بەسەر دێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار