د. بەشیر حەداد: رێگە نادەین بەو شێوەیە بودجە تێپەڕێنرێت

بەغدا -KDP.info-جێگری دووەمی سەۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەدرێت؛ هەروەها گوتی "خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە ناکرێت، چونکە ئێمە رێگە نادەین بەوشێوەیە تێپەڕێندرێت تاوەکو داواکاریی کورد جێبەجێ نەکرێت."
وا بڕیارە، ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا دەنگدان لەسەر ئەو پێنج وەزارەتە بدرێت، کە لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ماون، بەڵام باسی بودجە ناکرێت.
د.بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن پڕۆژەیاسای بودجە بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت و گوتیشی، "زۆرینەی ھەرەزۆری داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ نەکراون، رێژە و بودجەی پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و پرسی نەوت بە چارەنەکراوی ماونەتەوە، بۆیە ئەگەر خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت، پێویستە یان بگەڕێتەوە بۆ حکوومەت گۆڕانکاریی تێدا بکات و داواکاریی ئێمە جێبەجێ بکات یاخود پەرلەمان خۆی ئەو کارە بکات، ئەگەرنا ڕازی نابین بەو شێوەیە پەسەند بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




