٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مه‌سروور بارزانی: داعش شێوازی شەڕ و بازرگانیکردنی خۆی گۆڕیوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  شارەزایانی دژەتیرۆر و بەرپرسانی هەواڵگری و ئاسایش هۆشداری دەدەن، رێکخراوی داعش لەسەر کۆمێک پارە و زێڕ دانیشتووە و بەشێکی زۆری ئەم سامانە بۆ ژیاندنەوەی رێکخراوەکە بەکار دێت.

بەبۆچوونی ئەوان، بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی ‌هێزەکانیان لە سووریا،  داعش لەم ئامانجەی نزیکتر دەکاتەوە.

ساڵێک دوای تێکشکانی خەلافەتی داعش، رێکخراوەکە بڕێکی زۆر داهاتی دراویی خشڵ و زێڕی کۆ کردۆتەوە، کە دەتوانێت بۆ درێژەدان بە کردەی تیرۆریستی و رێکخستنەوەی خۆی بەکاری بهێنێت.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکی شیکاری و زانیاری لەسەر رۆڵی دەزگەکانی هەواڵگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئەو هەڵمەتە جۆریانەی كه‌ ئەو دامەزراوە هەواڵگرییه‌ی هەرێمی کوردستان لە ژمارەیەك شوێنی جیا لە سنووری هەرێمی کوردستان دەرەوەی سنوورەکانی هەرێم ئه‌نجامی داوه‌.

لەو هەڵمەتە تایبەتانەدا، زانیاریی نوێ دەربارەی هەژمارە بەنکییەکانی داعش کۆ کراوەتەوە و، دەرکەوتووە چۆن داعش میلیۆنان دۆلاری ئاڵوگۆڕ کردووە لە رێگەی بەنکەکانی وڵاتانی تورکیا، ئیمارات، عێراق و سووریا.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی،  لەم راپۆرتەدا هۆشداریی داوە لەوەی داعش شێوازەکانی شەڕ و بازرگانیکردنی خۆی گۆڕیوە، بەتایبەت دوای بڕیارە لەناکاوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکە لە سووریا.

مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت: "پێشووتر داعش کێڵگەی نەوتیان هەبوو و داهاتێکیان لەو رێگەیە گل دەدایەوه‌ و پارەشیان وەك بارمتە لە خەڵکی ژێردەسەڵانی خۆیان وەردەگرت... بەڵام ئێستا، ئەمە نەماوە و جەنگیش گۆڕاوە؛ هەرشتێک پێشووتر روون بووبێت، ئێستا شاراوەیە".

بەپێی راپۆرتەکە، ئێستا داعش خاوەنی 400 میلیۆن دۆلارە، ئەو داهاتە زۆرەش لە تەک رێگە و شێوازی تر بۆ خۆبەهێزکردنەوە بەکار دەهێنێت. شارەزایانیش پێیانوایە، لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا، داعش زیاتر لە ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە.

ئەوەش هاتووە، داعش زۆربەی داهاتەکەی لە کاتی شکستهێنانەوە لە رێگەی بڕینی بەنکەکان و بەتاڵانبردنی پارە و خشڵ و زێڕ بووە، ئەوە بێجگە لە بازرگانیی جۆراوجۆر و دەستکەوتنی ملیۆنان دۆلار لەو رێگەیەوە.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە چەکدارانی داعش تەنیا پشتیان بە نەوت نەبەستووە، بەڵکو تەنانەت دەستیان بە بازرگانیی هەمەجۆر کردووە لە بوارەکانی: خانووبەرە، هۆتێل، ئۆتۆمبێل و تەنانەت شوشتنگەکانی ئۆتۆمبێلیش.

بەشێک لەوانەشی داعش ناڕاستەوخۆ بازرگانی لەگەڵ کردوون، ئاگاداری ئەوە نەبوونە لەگەڵ ئەو رێکخراوە مامەڵە دەکەن، بەڵام بەشێکیشیان بەئاگاداری و بە ویستی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.

لە راپۆرتەکە ئەوەش ئاشکرا کراوە، داعش بە چەند شیوازێك سامان و داهاتەکانی خەرج کردووە، وەک: پێدانی مووچە بە چەکدار و کاربەدەستانی، ئەنجامدانی کردەی تیرۆرستی، پێدانی کرێى پارێزەران لە بەدواداچوونی کەیسی دەستبەسەرکراوەکانیان و بەشێکی داهاتەکەشیان تایبەت بۆ خۆرێکخستنەوەی ریزەکانیان تەرخان کردووە.

بەپێی زانیاریی هەواڵگریی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، ماوه‌یه‌كه‌ چه‌كدارانی داعش دەستیان بە کردەی تیرۆرستی و توندوتیژی کردووە لە پارێزگەکانی مووسڵ و کەرکووك، کە بێجگە لە تەقینەوە، بەرپرس و کەسایەتییە دژەکانیان دەکەنە ئامانج، ئەوەش وەك زەنگێکی مەترسیدار و راگەیاندنی شیوازی نوێی کارکردنی ئەو رێکخراوە هەژمار دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار