مانگی دابێ گەورەترین کۆنفرانس لەنێوان کۆمپانیاکانی ھەرێم و ھۆلەندا ئەنجام دەدرێت
__2018_12_22_h17m9s40__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە کۆتاییی مانگی دابێت، گەورەترین کۆنفرانسی کشتوکاڵ و خۆراک لە نێوان کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوە دەچێت و ڕێکخەری کۆنفرانسەکەش دەڵێ، لە کۆتاییی ساڵی دابێت، کۆنفرانسێکی بەرفراوانتر لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
وڵاتی ھۆڵەندا لە بواری کشتوکاڵ دەوڵەمەندە و ئەو وڵاتە بڕیاری داوە لە بواری بازرگانی و کشتوکاڵدا زیاتر ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات. عەبدولڕەحمان دۆسکی، ڕێکخەری کۆنفرانسەکە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ی مانگی داھاتوو کۆنفرانسێک لەبارەی ڕەوشی کشتوکاڵ و خۆراک لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوە بچێت و کۆنفرانسەکەش لە نێوان کۆمپانیا ھۆڵەندییەکان و ھەرێمی کوردستاندا ھاوبەشە، کە تێیدا نزیکەی ١٢٠ کۆمپانیای تایبەتمەند لە ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زیاتر لە کۆمپانیا عێراقی و ھۆڵەندییەکان بەشداریی تێدا بکەن، بڕیاریشە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٩ ھەمان کۆنفرانس لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت."
ساڵانە ٦٠ جووتیاری ھەرێمی کوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە کەرتی کشتوکاڵ سەردانی ھۆڵەندا دەکەن. عەبدلڕەحمان دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مەبەست لە کۆنفرانسی ھاوبەشی کوردستان و ھۆڵەندا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی کشتوکاڵ و خۆراکی وڵاتی ھۆڵەندا وەربگرن و کۆمپانیای ھۆڵەندیش بەشدار بن لە بەرەوپێشبردنی کەرتی چاندن و خۆراکی ھەرێمی کوردستان، چونکە ساڵانە ھەرێمی کوردستان سوود لە بواری کشتوکاڵی ھۆڵەندا وەردەگرێت."
قائید میرۆ




