٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەشکری ڕۆژ سنووری ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزێت

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرکردەیەکی ئەنەکەسە ئاشکرای کرد، ھەبوونی لەشکری ڕۆژ لە ڕۆژئاوای کوردستان، واتە گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە و دەشڵێ، چوونی ھێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ دێرکی ڕۆژئاوا بە مەبەستی دانوستان بووە لەگەڵ ھاوپەیمانان لەسەر میکانیزمی گەڕانەوەی لەشکری ڕۆژ بۆ ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێزێکی لەشکری ڕۆژ گەیشتە شاری دێرکی حەمکۆی ڕۆژئاوای کوردستان و لەبارەی چوونی ئەو ھێزەوە، دکتۆر کاوە ئازیزی، سەرکردەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ڕاگەیاند: "چوونی ھێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ شاری دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بووە، تا لە کاتی کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا لەشکری ڕۆژ لەسەر سنوور جێگیر بکرێت و ببێتە بەربەست بۆ ئەوەی کێشە لە نێوان تورکیا و ئیدارەی زاتیی ناوچەکە دروست نەبێت، بەڵام دیارە پەیەدە حیساباتی خۆی ھەیە لەو پرسەدا، چونکە ئەگەر بێت و پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە گەلی کورد پێشوازی لە پێشمەرگە دەکات و ھاوسۆزن لەگەڵ پێشمەرگەدا، ئەوەش ھۆکاری ئەوەیە کە پەکەکە ڕازی نابێت بە گەڕانەوەی لەشکری ڕۆژ بۆ ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان."

سەرکردەکەی ئەنەکەسە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە ڕۆژئاوای کوردستان ھیچ کارێکی ئەوتۆیان ئەنجام نەداوە تا شانازی پێوە بکەن، ھاووڵاتییان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و ڕەوشی ئەمنییەوە ھەراسان بوونە، پەیەدە ستەم لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و پڕۆسەی سیاسی و پەروەردەی تێک داوە و بە زۆر منداڵان بۆ بەرەکانی شەڕ دەبات."

ئەو ھێزانەی سەر بە پەکەکەن لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕازین بە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ، بەڵام مەرجی پێشوەختەیان ھەیە. ئازیزی گوتی: "ئەو مەرجانەی پەیەدە ھەیەتی بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان بە ھیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نین، چونکە پێشمەرگەی ڕۆژ ھێزێک نییە سەر بە ئەجێندای پەکەکە بێت، تا ڕازی بێت بکەوێتە بن دەسەڵاتی پەکەکە، ئەگەر لەشکری ڕۆژ بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ ھاوپەیمانان دەبێت، نەک ھیچ ھێزێکی دیکەی ناوچەکە، تا میللەتی ئێمە بپارێزیت."


چوارشەممەی ڕابردوو ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی لە سووریا ڕاگەیاند و شارەزایانیش پێیان وایە کشانەوەی ئەمەریکا ڕەوشی سووریا ئاڵۆزتر دەکات و مەترسی ھەیە پێکدادان ڕوو بدات. دکتۆر کاوە ئازیزی دەربارەی ھەڵوێستی ئەمەریکا بۆ گەڕانەوەی لەشکری ڕۆژ گوتی: "ئەمەریکا بە پەیەدە و یەپەگەی ڕاگەیاندووە، پێشمەرگەی ڕۆژ دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام مخابن پەیەدە و یەپەگە ڕازین تورکیا بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنیا کورد نەگەڕێتەوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار