یەكێتیی مامۆستایان: چاوەڕێ دەكەین لە ساڵی دابێ پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ڕایدەگەیێنێت، تەواوی ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە لە ساڵی نوێدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە گشتی نەمێنێت، بە تایبەت هیی مامۆستایان. دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم هەمیشە گرینگی تایبەتی بە پەروەردە داوە و ئەوەی لە دەسەڵاتیدا بووبێت، بۆ مامۆستایانی كردووە.
ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تەواوی ئەو ئاماژانەی خراونەتە ڕوو لە ڕووی بەرزبوونەوەی ئابووریی كوردستان و هەنگاوەكانی حكوومەت، بۆ ئەوەن كە لە ساڵی دابێ پاشەكەوتی مووچە نامێنێت، داوایش دەكەین حكوومەت بەپەلە هەنگاوی لابردنی پاشەكەوتی مووچە بنێت".
لە ساڵی ڕابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەیەكی زۆر پاشەكەوتی سەر مووچەی فەرمانبەرانی لابرد، گەرمیانی دەڵێ: "هەنگاوی حكوومەت لە ساڵی ڕابردوودا بۆ لابردنی بەشێكی زۆری پاشەكەوتی مووچە، كاریگەریی زۆر باشی هەبوو لەسەر دۆخی ئابووریی مامۆستایان و پڕۆسەی خوێندن، بۆیە ئێستا ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی دیكەین بەوەی كە حكوومەت بە تەواوەتی پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان لابەرێت، كە وەهایش چاوەڕێ دەكەین لە ساڵی دابێ پاشەكەوتی مووچە بە یەكجاری نەمێنێت".
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام گرینگیی تایبەتی بە پەروەردە داوە، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "حكوومەتی هەرێم لە كاتی قەیرانی ئابووریی كوردستاندا، هەوڵی دا لە ڕیزبەندی یەكەمدا مووچەی مامۆستایان بدات".
ئەو گوتیشی: "پڕۆسەی پەروەردە لە وڵاتدا بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە حكوومەتیش هەمیشە گرینگیی پەروەردە و خوێندنی لە بەرچاو گرتووە و بایەخی تەواو بە پڕۆسەی پەروەردە و مامۆستایان دەدات".
ئەحمەد گەرمیانی هەروەها دەڵێ: "داوامان لە حكوومەتی نوێ ئەوەیە، بودجەیەكی زۆر باش بۆ كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابنێت و، تەواوی مامۆستایانی گرێبەستیشمان بۆ بكەن بە هەمیشەیی".
هێڤیار ههڵهبجهیی




