٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ مووچەی کەمئەندامان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی بە بڕیارێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، مووچەی ھەزاران کەمئەندام بڕدرا، کەمئەندامان داوای بەھاناوەچوونیان لە فراکسیۆنی پارتی کرد و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، غەدر لە بەشێکی کەمئەدامان کراوە و لیژنەی پشکنین بۆ پێداچوونەوە پێک ھاتووە.


عادل ڕەفیق، ئەندامی کۆمەڵەی ژینی کەمئەندامان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "بە بڕیاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، مووچەی ٢٣ھەزار کەمئەندام بڕدراوە، ئەمە ناحەقییە بەرامبەر بە ژمارەیەکی بەرچاوی کەمئەندامان دەکرێت، چونکە بە پێی ستانداردی جیھانی ھەرکەسێک ڕێژەی کەمئەندامییەکەی بگاتە ٥٥%، ئەوە پێویستی بە مووچە ھەیە و بە کەمئەندام ھەژمار دەکرێت، کەچی وەزارەت ڕێژەی کەمئەندامی بە ٧٠% دیاری کردووە."

ڕەفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: " ئێمە ھەموو ھەڵوێستێک دەگرینە بەر بۆ گێڕانەوەی مافەکانمان، بەڵام دەمانەوێت بە شێوەیەکی مەدەنی، دەنگی خۆمان بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی پێ داوین بەدواداچوون بۆ کێشەی مووچەی کەمئەندامان بکەن و چارەسەری بکەن."

زانا مەلا خالید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ڕاستە ئێمە وەک فراکسیۆن دەستمان بە ھەوڵەکانی خۆمان کردووە و بە پێی بەدواداچوونی ئێمە دەرکەوتووە غەدر لە بەشێکی کەمئەندامان کراوە و پێویستە حکوومەت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی مافەکانیان بۆ بگێڕێتەوە."

زانا مەلا خالید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "بڕیار درا لیژنەی پزیشکی دروست بکرێتەوە و سکاڵای کەمئەندامان وەربگریت بۆ ئەوەی دووبارە پشکنینان بۆ بکرێت، ئێستا دەست بە دابەشکردنی فۆڕم کراوە و ئێمەیش لەگەڵ ئەوەداین ڕێژەی کەمئەندامی، ھاوشێوەی وڵاتانی دیکە بێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان ھەیە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار