٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان چاویان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان–KDP.info- بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەنەکەسە گوتی، پەیەدە دەیەوێت، یان خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان حاکم بێت، یان وێرانی بکات، بۆیە خەڵک چاویان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی بیانپارێزێت و ئەگەر بگەڕێتەوە ژمارەیان ١٠ ھەزار پێشمەرگەیە و لە ماوەیەکی کەمدا دەبێتە ٢٠ ھەزار، چونکە خەڵکێکی زۆر ئامادەیە بێتە ڕیزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ، بەڵام ئەمە پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی ھەیە.

ئیبراھیم بڕۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمەریکا بەردەوام باسی لەوە کردووە ھەرکاتێک بیانەوێت لە سووریا دەکشێنەوە و بەم دواییانە تەنیا باسی داعشیان نەدەکرد و باسی نەمانی ئێرانیشیان لە سووریا دەکرد، بەڵام ھێزەکانیان کە لە سۆماڵ و ئەفگانستان و وڵاتانی دیکە نەمان، لە سووریاش نامینێن و ئەگەر ئەمەریکا نەمێنێت و ھیچ ڕێککەوتن نەکرێت، دۆخەکە زۆر بەرەو خراپی دەچێت."

ئیبراھیم بڕۆ گوتی: "ئەمەریکا لە سووریا بکشێتەوە، یان نا، ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان جددین و ئەگەر پەیەدە گۆڕانێکی زۆر لە خۆی نەکات و ئیدارەیەکی نوێ دروست نەبێت، پەیەدە ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو ڕووخان دەبات، بۆیە ئەگەر ئەمەریکا بمێنێت و نەمێنێت، تورکیا ھەڕەشەکانی دەکاتە واقع."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنەکەسە گوتیشی: "بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ تەنیا ھەندێک دانوستان کراوە و دانوستانەکانیش زۆر دیاری کراون، بۆیە ھیوادارین دانوستانەکان لەژێر چاودێریی ئەمەریکا و تورکیا و ھەرێمی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی سووریادا بکرێت، چونکە ئەگەر ١٠ھەزار پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوا لە ماوەیەکی کەمدا دەبێتە ٢٠ھەزار، چونکە خەڵکی ڕۆژئاوا ھیوایەکی گەورەیان بە پێشمەرگەی ڕۆژ ھەیە و ئامادەن بێنە ڕیزەکانییەوە."

برۆ باسی لەوەش کرد: "پەیەدە دوو بۆچوونی ھەیە، یان خۆیان حاکم بن، یان ڕۆژئاوا وێران بکەن و ھیچ کێشەیان نییە ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان وێرانیش بێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار