٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان سەبری: توانیمان لە خوێندنەوەی یەكەمی بودجە، بەشی هەرێم زیاد بكەین

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك زیاد كرا و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش دەڵێ، هێشتا ماوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.

ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكەیاندا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ رەشنووسی پڕۆژەبودجەی ٢٠١٩ی عێراق كرا، ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان، بە لە سەدا ١٢ و پۆینت ٦٧ دیاری كراوە، كە دەكاتە نۆ ترلیۆن و چوارسەد و بیستوحەوت ملیۆن و دووسەد و شەستوچوار هەزار دینار".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی، باس لە هەوڵەكانیان دەكات بۆ زیادكردنی بەشەبودجەی هەرێم، بەو پێیەی كە دابینكردنی خەرجیی هەندێ لە پڕۆژەكانی هەرێم بە جیا لە دیاریكردنی بەشەبودجەی هەرێم، وەك خاڵێكی زیادكراو بۆ سەر پڕۆژەكە زیاد كراوە، ئەوەش بە گوتەی ناوبراو، كارێكی كەم نییە، كە توانیویانە ئەنجامی بدەن، لە هەمان كاتیشدا بە بەراورد لەگەڵ تێڕوانینیاندا وەها گۆڕانكارییەكی زۆر باشیش نەبووە.

بە گوتەی سەبری، لە ئێستادا كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ رەشنووسی پڕۆژەبودجەی عێراق كراوە، توانیویانە بەو خاڵەی كە لە پڕۆژەكەدا بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی هەرێم زیادی بكەن، كۆی گشتیی بودجەی هەرێم لە ئێستادا دەبێتە نۆ ترلیۆن و حەوتسەد و هەشتاوسێ ملیۆن و هەندێك.

جەختیشی كردەوە لەوەی كە، لە خوێندنەوەی یەكەمدا بۆ پڕۆژەبودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق، توانیویانە ئەوە بكەن، وەك خۆی ئاماژەی دا، خوێندنەوەی دووەمیش ماوە، كە دوای كۆبوونەوەی دابێت دەردەكەوێت.

 

خێڵان بەختیار

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار