بڕیاری ئەمەریكا نوێ نییە.. ڕۆژئاوا پێویستی بە ھێزێكی یەكگرتووە و پەیەدە ڕێگرە

ڕۆژئاوای كوردستان-KDP.info- گوتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، دەستیان كردەووە بە كشاندنەوەی ھێزەكانیان لە سووریا، توێژەرێكی كوردی ڕۆژئاوای كوردستانیش دەڵێ، ئەو بڕیارەی ئەمەریكا، نوێ نییە، لە ڕۆژی یەكەمەوە ھۆشداریی دا كە ھاوپەیمانیی ئەمەریكا لەگەڵ ھێزە كوردییەكاندا، سەربازییە و بۆ لەناوبردنی داعشە.
پەیوەست بە كشانەوەی ھێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا لە سووریا، توێژەری مێژوویی ڕۆژئاوای كوردستان، ژیان زەكەریا حەسری، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئەو بڕیارەی ئەمەریكا، بڕیارێكی نوێ نییە، سەرۆكی ئەمەریكا لە زووەوە چەندین جار گوتوویەتی كە لە سووریا دەكشێینەوە و، لە رۆژی یەكەمیشەوە ئەمەریكا ئامانجی خۆی دیاری كرد كە بۆ شەڕ لە دژی داعش لە سووریان و كاتێك شەڕ تەواو بوو و سووریا پێویستی بە ھێزەكانی ئەمەریكا نەما، دەكشێینەوە".
حەسری گوتیشی: "مەبەستی وان سەبارەت بە ھاوپەیمانیی پەیەدە و یەپەگە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لە رۆژھەڵاتی فوورات یان لە ڕۆژئاوای كوردستان، تەنیا بۆ دژی تیرۆر و شەڕی داعشە، كاتێك سەرۆكی ئەمەریكا گۆڕدرا، لە ڕۆژی یەكەمەوە ھۆشداری و ئاگاداریمان دەدا كە ھاوپەیمانیی نێوان ئەمەریكا و ھێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا، ھاوپەیمانییەكی سیاسی نییە، بەڵكوو تەنیا سەربازییە."
دوێنێ ١٩ی ١٢ی ٢٠١٨، گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمەریكا، سارا ساندەرز، لە راگەیێندراوێكدا ڕایگەیاند، ئەمەریكا رێكخراوی داعشی بە تەواوی تێك شكاندووە، بۆیە قۆناخێكی نوێ دەست پێدەكات و دەستی كردەووە بە كشاندنەوەی ھێزەكانی لە سووریادا و ھەنگاوی دووەمیش دەنێ بۆ كێشانەوەی ھێزەكانیان.
وەك ژیان دەڵێ: "ئەگەر بەرژەوەندیی وڵاتە گەورەكان بەراورد بكەین لەگەڵ پەیەدە یان ھەسەدە و سووریای دیموكرات، بەراورد ناكرێت، چونكە توركیا وەك ھاوپەیمانێك لە ناتۆ بەرژەوەندیی ئابووریی زۆر گەورەی هەن، ھەروەھا لەگەڵ رژێمی سووریا و ئێران و دەوڵەتانی ھەرێمی، لەبەر ئەوە بە ڕاستی لە دوای ھەڕەشە و پاراستنی بەرژەوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی تر، ئەو بڕیارەیان داوە."
ئەو توێژەرە كوردەی ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر دەڵێ: "دەركەوت پەیەدە لە سەرەتاوە دژی ھەڵوێستی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەكانی كورد بووە، چونكە ڕۆژئاوای كوردستان پێویستی بە ھێزێكی یەكگرتوو هەیە و پەیەدە ڕێگرە، بۆیە دوور نییە بە پیلانێك و بە بێ شەرت و مەرج، ڕۆژئاوا ڕادەستی رژێمی سووریا بكات."
فایزە كۆیی




