دیندار زێباری: پێشوازی لە هەر پێشنیاز و ڕاپۆرتێكی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠

هەولێر-KDP.info- گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، راپۆرتێكی بە ناوی (زیندووكردنەوەی میانگیریی UNدەربارەی سنوورە ناوخۆییە كێشەلەسەرەكان لە عێراق) بڵاو كردەوە و ئاماژە دەدات، پێویستە رێككەوتن سەبارەت بە ناوچە كێشەلەسەرەكان بكرێت، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانیش دەڵێ، پێشوازی لە هەر پێشنیاز و ڕاپۆرتێكی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لایەنێكی سەرەكییە لە جێبەجێكردنی ماددەی140 و لە دوای ساڵی 2003 تاكو 2014 هەماهەنگی هەبووە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئیدارەكردنی ئەو ناوچانە. لە 31/12/2007 پێویست بوو ماددەی (١٤٠) جێبەجێ بكرێت، بەڵام جێبەجێ نەكرا، بۆیە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا داوای میانگیریی نەتەوەیەكگرتووەكانیان كرد و سەرەڕای راپۆرتیان (ستیڤان دیمیستۆرا) لە دوای ساڵی 2009ـوە هیچ هەنگاوێكی عەمەلی نەنرا.
زێباری باسی لەوەش كرد، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەشێكی زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم رووبەڕووبوونەوە درووست بوو لە نێوان عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و، لە ئەنجامدا خەڵكی سڤیل بوونە قوربانی و ئاوارە بوون، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی یۆنامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو ناوچانە پێك هێنا، بەڵام وەك پێویست نەیتوانی رۆڵی خۆی بگێڕێت و قوربانیانیش قەرەبوو نەكرانەوە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش دەخاتە روو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشی دەزانێت خەڵكی ئەوناوچانەش لایەنێكی دیكە بن لە چارەكردنی ئەم كێشەیە و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانیان هەیە. ئەوانیش داوای هاوبەشكردنی دەسەڵات و هاوبەشكردنی رێكخستن لەو ناوچانە دەكەن بۆ ئەوەی هیچ جیاوازی و دووبەرەكییەك لەنێوان خەڵكەكە دروست نەبێت.ئەمەش دەقی لێدوانەكەیە:
د. دیندار زێباری، لە بارەی ڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی وەڵامی راپۆرتی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی كە لە 14/12/2018 بڵاوی كردووەتەوە، تیشكی خستە سەر چەند بابەتێك كە لە راپۆرتەكەدا هاتووە بە تایبەتی چارەكردنی مەسەلەی ناوچە كێشەلەسەرەكان و گوتی، هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكات لە پێناو جێبەجێكردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە، چونكە لایەنێكی سەرەكییە لە جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە كە پێویست بوو لە 31/12/2007 جێبەجێ بكرێت، بەڵام جێبەجێ نەكرا، بۆیە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا داوای میانگیریی نەتەوەیەكگرتووەكانیان كرد، هەر لەبەر ئەوەش UNراپۆرتێكی سەبارەت بە چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكە خستە روو، بەڵام لە دوای ساڵی 2009ـوە هیچ هەنگاوێكی عەمەلی نەنرا، چونكە رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق زیاتر راوێژكاری بوو.
زێباری، لەبارەی هەوڵەكانی جێبەجێكردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور ڕایگەیاند، رژێمی بەعس هەوڵی داوە لەرووی دیموگرافییەوە گۆڕانكاریی بنەڕەتی بەسەر ئەو ناوچانەدا بێنێت، ئەویش بە راگواستنی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە كە زۆربەیان كوردن و نیشتەجێكردنی خەڵكی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لەم ناوچانە، پاش ساڵی 2003 حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی كارای هەبووە لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ بەتایبەتی لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای لە حكوومەتی فیدراڵ كردووە پەلە بكەن لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و لەم رووەوە زۆر نەرمی نواندووە و ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك، هەروەها بەر لە هێرشی داعش داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە كە پێویستە ئەم كێشەیە بەپێی دەستوور چارە بكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە دوای ساڵی 2003 تاكو 2017 هەماهەنگی هەبووە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئیدارەكردنی ئەو ناوچانە لە سەرەتای درووستبوونییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردەم هەوڵی داوە بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی عێراق بۆ شادبوونیان بە مافەكانیان لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری لە وڵات، بۆ ئەم مەبەستەیش لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی كە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە مابوونەوە بە پشتبەستن بە دەستوور كە گەلی عێراق دەنگیان بۆی دا، گرینگترین ئەو كێشانەیش كە بێ چارەسەر مابوونەوە ماددەی (140)ی دەستوورر و میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییەیە.
لە بارەی بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا، دیندار زێباری گوتی، لە دوای ساڵی 2003 هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە پاراستنی ئاساییشی ئەم ناوچانە، بەتایبەت لە دوای هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش و داگیركردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە زۆربەی ناوچە كێشەلەسەرەكانی پارێزگاكانی كەركووك و مووسڵ و دیالە و سەڵاحەددین رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق و هێزی هاوپەیمانان بۆ ئەم مەبەستەیش چەندین لیژنەی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە بۆ نموونە: دانانی لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی هەرێم و نوێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، دامەزراندنی سەنتەری هاوبەشی هەرێمی لە دیالا، كەركووك، نەینەوا، پێكهێنانی هێزی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم، دانانی مەفرەزەی هاوبەشی پرۆسە سەربازییەكان لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچانە، دانانی خاڵی پشكنینی هاوبەش لە دیالا و كەركووك و نەینەوا. هەروەها دوای تیرۆریستانی داعش هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵێكی سەرەكیی هەبوو لە رزگاكردنی ئەم ناوچانە و قوربانییەكی زۆری دا لە پێناو رزگاركردنیان وەك كەركووك، مەخمور، خانەقین، دوزخورماتو، زوممار، رەبیعە و شنگال و پاراستنی گشت پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە بە بێ جیاوازی.
لە بەشێكی راپۆرتەكەدا، گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی باس لە دەستگیركردنی هاووڵاتیانی عەرەب دەكات لە پارێزگای كەركووك و لەم بارەیەوە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە پارێزگای كەركووك لیژنەیەكی ئەمنی هەبوو كە لەمانەی خوارەوە پێك هاتووە (پارێزگار كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە، جێگری پارێزگار (عەرەبی سوننەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیس (كوردە)، هەردوو ئاسایشی پارتی و یەكێتی، بەڕێوەبەری هەواڵگری (توركمانی شیعەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار (توركمانە)، بەڕێوەبەری موخابەرات (عەرەبی سوننەیە)، نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك). ئەركی ئەم لیژنەیە پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاری كەركووك هەموو بڕیارەكان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەم لیژنەیە دەردەچوو لەوانەش ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە دەستگیر كردنی گومانلێكراوانەوە هەیە.
ئەوەشی روون كردەوە كە، دوای ئەوەی لایەنە ئەمنییەكان زانیاریی تەواویان لەسەر گومانلێكراوان دەدا بە دادوەر، دادوەر رەزامەندی دەدات بە دەستگیركردنی گومانلێكراوان، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچوو بەم پێیەش رێگا بە هێزە دەدرا بە گرتن و پشكنین و بەدواداچوونی گومانلێكراوان. دوای دەستگیركردنی گومانلێكراوان بۆ ماوەی (٧٢) لەژێر لێكۆڵینەوەدا دەبوون و دوای ئەوەی دانیان بە تاوانەكەیان بەپێی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرا و مافی هەبوونی پارێزەر و سكاڵا تۆماركردنیشیان هەبوو لە دادگا دژی هێزە ئەمنییەكان و هەموو ئەو كەسانەی دەستگیر دەكران یاخود سزا دەدران لەسەر بنەمای یاسایی بووە.
لە بارەی رووداوەكانی خورماتوو و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری 2017، زێباری گوتی، لە ئەنجامی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری 2017 بەداخەوە پێكدادان و رووبەڕووبوونەوە لەو ناوچانە دروست بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە دیسان ببنەوە قوربانیی ئەو رووداوانە و گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر و سووتاندن و رووخاندنی ماڵی دەیان هاووڵاتیی ئەو ناوچانە و بۆ ماوەیەك پرۆسەی خوێندنی لە بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە پەك خرا و زۆربەی ناوەندەكانی خوێندن داخران، هەروەها بە دەیان هەزاریشیان ئاوارە بوون و ناوچەكانی خۆیان جێهێشت، ئەم رووداوانە بوونە هۆی ئەوەی كە رەوشی ناوچەكە ئاڵۆزتر بێت و لایەنە نێودەوڵەتییەكان وەك یۆنامی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لیژنەی تایبەتیان پێك هێنا بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە راستییەكان لەم ناوچانە.
دیندار زێباری، لە بارەی پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان لەلایەن یۆنامییەوە، ئاماژەی دا: "راستەوخۆ دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری 2017 داوامان لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی یۆنامی كرد كە پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانە ئەنجام بدەن لەسەر رووداوەكان بەتایبەتی لە خورماتوو، چونكە هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان دووچاری نەهامەتییەكی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەكانیان بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەكانی كوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە پێویستە هەرچی زووترە بەهانای خەڵكی ئەم ناوچانەوە بێن ولێكۆڵینەوەی ورد لە رووداوەكان بكەن، لەلایەن خۆیانەوە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق (یونامی)، لیژنەیەكی بەدواداچوونی ر استییەكانی پێك هێنا و لە رۆژانی ٧ و ١٤ی كانوونی یەكەم سەردانی خورماتووی كرد. رۆژی 23/12/2017 یۆنامی راپۆرتی خۆی سەبارەت بە سەردانی تیمەكانیان بڵاو كردەوە، لە راپۆرتەكەدا باس لە ئاوارەبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی خورماتو دەكات كە روویان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كردووە بە پشتبەستن بە ئامارەكانی رێكخراوی جیهانیی كۆچ، بەڵام ئەو ژمارەیەی كە باس كرابوو كەمتر بوو لەوەی كە لە واقیعدا هەیە و ئامارەكانیان رەنگدانەوەی درووستی رووداوەكان، چونكە خورماتوو زیانێكی زۆری بەركەوتووە و زیاتر لە (٣١,٠٠٠) خێزان كە دەكاتە (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار كەس ئاوارە بوون و شوێنەكانی خۆیان جێ هێشتووە و زیاتر لە ١٥٠ خانوو تێك دراون، هەروەها (١٩) كارگە و چێشتخانەی هاووڵاتیان و بە سەدان مۆڵ و دووكانی هاووڵاتیان تاڵان كراون و سووتێندراون، بە شێوەیەكی گشتی ئەو زیانانەی بەو شارە كەوتوون، بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێن".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە چارەكردنی كێشەی ناوچەكێشەلەسەرەكان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چارەكردنی كێشەی ئەو ناوچانەی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەیانگرێتەوە، كە خۆی لە سێ قۆناغدا دەبینێتەوە، ئەوانیش بریتین لە ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆ ئەم مەبەستەیش پێشوازی لە هەر پێشنیاز و دەستپێشخەرییەكی لایەنە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەین بۆ چارەكردنی ئەم كێشەیە. لە ئێستادا تا راددەیەك كەشوهەوا لەبارە بۆ ئەوەی هەوڵەكان بەگەڕ بخرێنەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییە كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی خەڵكی ئەم ناوچانەدایە كە لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی جیاجیاكان پێك هاتوون.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، د. دیندار گوتی، پێشتر لە چەند قۆناغێكدا بە تایبەتی لە دوای ساڵی 2003 لە چەندین رووەوە هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستاندا بوونی هەبووە و تا راددەیەك سەركەوتوو بوون، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم كێشەیە چارەكردنی ئەستەم نییە و دەتواندرێت چارە بكرێت.




