قادر قاچاخ هۆشداریی دا: ترسمان هەیە، شنگال بە دەردی عەفرین ببهن

شنگال-KDP.info- شنگال ئێستا بووەتە بابەتی ڕۆژەڤی ناوچەکە و پڕاوپڕە لە هێز و ئاڵای جیاواز. بەرپرسێکی پارتی لە شنگال ترسی هەیە لهوهی، ئهوهی لە عەفرین ڕووی داوە، بهسهر شنگالیشدا بێ.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە هۆی هەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە لە شنگال، ئەو ناوچەیە بۆردوومان دەکەن و چەندین جاریشە ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕاستەوخۆ هۆشداریی دەداتە پەکەکە و لق و پۆپهکانی لە شنگال و چەندین ناوچەی تر.
بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر ڕەوشی شنگال ئاوها بەردەوام بێت، ترسمان هەیە تورکیا هاوشێوەی عەفرین لهشكر بێنیتە سهر شنگال؛ ههڵبهت ئەمە هۆکاری نەبوونی هێزە نایاساییەکانە و چەندین جاریش داوامان لە پەکەکە کردووە ئەو ناوچانە بەجێ بێڵێت."
قادر قاچاخ جهخت دهكاتهوه لهوهی، كه پەکەکە و چەندین هێزی تر بوونەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکی سڤیل ببنە قوربانیی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و، خەڵک لە ترسی ئەوە ناگەڕینەوە ناوچەکانیان.
لە کاتی کردنەوەی چەند پرۆژەیەک لە شاری دەنیزلی لە تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان گوتی: "وەک چۆن شەوێک لەناکاو چووینە عەفرین، ئاوها بەڵێنمان دا لە شنگالیش ئۆپەراسیۆنەکانمان ئەنجام بدەین"، گوتیشی ''ئێمە بەڵین دەدەین و جێبەجێی دەکەین."
شهوی پێنجشهممه( 13-12-2018)، سوپای توركیا پێگهكانی پهكهكەی له كهمپی پەنابەرانی مهخموور و شنگال كرده ئامانج و به هۆیهوه چوار كهس گیانیان لەدەست دا و پێنج كهسی دیكهش بریندار بوون.
کــاروان بــاعەدری




