ساڵی دابێ ھەرێم دەکەوێتە قۆناغێکی دیکەی گەشەی ئابووری
__2018_12_19_h15m6s40__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە ھۆی کۆتاییھاتنی شەڕی داعش و سیاسەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی دارایی، چاوەڕێی ئایندەیەکی گەش بۆ گەشەکردنی کەرتی ئابووری و بازرگانیی ھەرێمی کوردستان دەکرێت. بەرپرسێکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکانیش دەڵێ، ساڵی ئایندە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای بیانی دێنە ھەرێمی کوردستان بۆ کارکردن.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان ئاشکرای کرد: "بزافتی بازرگانی لەمساڵدا بەروارد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە. ئەمساڵ ھاوردەکردن لە ڕێگەی ئێرانەوە بەراورد بە وڵاتی تورکیا زیاتر بوو، ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە، چونکە بە ھۆی دانانی خاڵی نایاسایی لە لایەن بەغداوە لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ئاستی ھاوردەکردن لە سنووری ئیراھیم خەلیل دابەزیوە."
سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھاتنی کۆمپانیا بیانییەکانیش زۆر زیادی کردووە، وڵاتی ھیندستان ئەوە چەندی جارە شاندی بازرگانی دەنێرێتە لای ئێمە، وڵاتانی ئەورووپا و ھۆڵەندا و ئەڵمانیاش زۆر سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە، ھەروەھا چەندین کونسووڵی بازرگانی ھاتوون، لەوانە وڵاتی چیک و بۆلگاریا."
سەعید ڕوونی کردەوە: "زۆربەی وڵاتان بە ھۆی سەقامگیریی ڕەوشی ئەمنییەوە لە ھەوڵدان کۆمپانیاکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی و بەشداری لە کەرتی وەبەرھێناندا بنێرن بۆ ھەرێمی کوردستان."
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشبینی دەکەین ڕەوشی بازرگانی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی دابێت گەشەی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێت، بەتایبەتی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دەست پێ دەکات، ئەو پارەیەی لە کۆنگرەی کوێت لە لایەن وڵاتانی کۆمەکبەخشەوە دابین کرابوو خەرج دەکرێت، وا پێ دەچێت بزاوتێکی بازرگانیی زۆر بەھێز دەست پێ بکات."
قائید میرۆ




