٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایان: سەردانی چڕی وڵاتان دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەرێم پێگەیەكی بەهێزی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ماوەیەكە جموجۆڵی زۆری دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان بە سەردانیكردنی وەزیرانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا هەیە، شارەزایانی یاسا و سیاسەتی نێودەوڵەتییش، بۆ گرینگیی سیاسەتی سەركردایەتیی كوردی دەگێڕنەوە، پێشیان وایە كە هەرێمی كوردستان لە رووی دیپلۆماسییەوە زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت.

دوێنێ هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی كۆ بوونەوە، دواتریش لە پرێسكۆنفڕانسێكدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لە پشتگیریكردنی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە، هاوكات سەردانیكردنی هەریەكە لە وەزیری وزەی ئەمەریكا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و نێردراوی ئەمەریكا بۆ جەنگی داعش مەكگۆرك بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئەو جووڵە و بزاڤە دیپلۆماسییەی لە ئێستادا لە رووی پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بۆ بوونی قەوارەیەكی بەهێزی دەستووریی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا دەیگێڕنەوە.

دكتۆر عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانكۆ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "تا ئێستایش هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی بەهێزی نێودەوڵەتییە، هاوكات جیهازێكی پەیوەندییە دەرەكییەكانیشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"

لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق تەواوی هەوڵەكانی خستە گەڕ تا هەرێمی كوردستان لە رووی دیپلۆماسیی دەرەكییەوە داببڕێت و گەمارۆی دیپلۆماسیی بخاتە سەر، وەك دكتۆر نوورەددینی ئاماژەی دا، ئەم سەردانە چڕانەی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان، دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی لای وڵاتان هەیە، هاوكات نوێنەرایەتیی گەل و نیشتیمانێكیش دەكات، هەروەها هەوڵەكانی حكوومەتی عێراقیش بۆ گەمارۆ خستنەسەر هەرێم، كە لە رابردوودا هەوڵی جیددی بۆ دەدا، شكستی برد.

دكتۆر چواس حەسەن، كە دكتۆرای لە یاسای گشتیی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمان بۆچوونی دكتۆر عومەری خستە ڕوو، كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر هەوڵی گەمارۆی دیپلۆماسی بۆ سەر هەرێم درا، بەڵام سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان، توانی بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی ئەو گەمارۆیە تێك بشكێنێت، دەریشكەوت كە وڵاتانی جیهان پشت لە هەرێمی كوردستان ناكەن.

دكتۆر عومەر، جەختكردنەوەی پشگیریی وڵاتی ئەڵمانیا، لەسەر زاری وەزیری دەرەوەیان، كە دوێنێ لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ كرد، بۆ ئەو سیاسەتەی ئێستای سەركردایەتیی باڵای كوردستانی دەگێڕێتەوە، كە لە ناوچەكەدا پیادەی دەكات، نموونەیش بوارەكانی وەك، پەیوەندییە دەرەكییەكان و دیپلۆماسییەت و هەوڵدانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانە بۆ چارەكردنی كێشەكان، ئەویش بە رێگەی گفتوگۆ و ئامرازە دیموكراسییەكان كە گرتوویەتییە بەر، بۆیەیش وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا پشتیوانیی ئەم جۆرە سیاسەتەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دكتۆ عومەر باوەڕیشی وایە ئەو سەردانە فەرمییانە جۆرێكن لە هاندانی هەرێمی كوردستان، ئەویش بەو پێیەی ئەو وڵاتانە تێگەییشتنێكیان لەبارەی چارەكردنی كێشەكان بە شێوەیەكی دیموكراسییانە هەیە.

"وڵاتانی جیهان گیرینگە كە دیموكراسی لە عێراقدا بچەسپێنن، ئەویش بە گرینگیدان بە هەرێمی كوردستان، هەروەها هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا رۆڵی گرینگ و كاریگەری هەبووە، هاوكات لە رووی وزەیشەوە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو هۆكارانەی دیكە، كە وڵاتانی جیهان گرینگیی پێ بدەن"، دكتۆر چواس وای گوت.

 ئەو ڕوونتر دەڵێ، كە هەرێمی كوردستان تاكە هەرێمە لەسەر ئاستی جیهان، كە سەركردایەتییەكەی بە شێوازێكی فەرمی و دیپلۆماسی لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە پێشوازی لێ دەكرێت، ئەو گرینگیپێدانەی وڵاتانی جیهانیش، بۆ توانای سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە توانیویانە لە ٢٧ ساڵی رابردوودا كیانێك و تاقەیەك دروست بكەن، تا جێیەك لە ستراتیژی وڵاتانی جیهان بۆ خۆیان بكەنەوە، بە وڵاتانی پیشەسازی و وڵاتانی دەستڕۆییشتوو لە سیاسەتی نێودەوڵەتییشەوە.

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار