٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دادگای باڵای فیدراڵ، خۆی لە سکاڵاکەی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری کەرکووک بە خاوەن نەکرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پارێزەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە سكاڵای پارێزگاری کەرکووک نەجمەددین کەریم، سیاسییە نەك یاسایی و گوتیشی، "سەرەڕای وەڵامدانەوەی درەنگوەخت، ئێستا خۆی لە كەیسەكە دەرباز كردووە."

پاش ماوەیەکی زۆر لە وەڵامنەدانەوەی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق خۆی لەو سکاڵایە دزیوەتەوە کە بە هۆی ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە پارێزگاری کەرکووک، نەجمەددین کەریم لەسەر سەرۆکوەزیرای پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی تۆماری کردبوو.
لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا بە ڕاوێژ و ڕەزامەندیی پارێزگاری کەرکووک، نەجمەددین کەریم، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سكاڵای لە دادگای فیدراڵی لەسەر حكوومەتی عێراق تۆمار كرد کە سێ خاڵی لەخۆ گرتووە.
عەلی گردەسۆری، ئەو پارێزەرەی كە ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچوونی سكاڵاکەی لە دادگای فیدراڵی پێ سپێردرابوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خاڵەکان، بەكارھێنانی ھێز و جێبەجێنەكردنی ماددەی ١٤٠ و ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی راِبردوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بە مەبەست سكاڵاكەیان دوا خست و یەكلایان نەكردەوە، ئێستا وەڵامیان داوەتەوە و باس لەوە دەكەن كە ئەو سكاڵایە كاری ئەوان نییە و خۆیان لێ دەرباز كردووە، بۆیە بڕیارەكە سیاسییە و موراعاتی لایەنی سیاسییان كردووە لەبارەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا".

گردەسۆری جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە "دادگا تەنیا باسی لەوە كردووە كە كاری ئەوان نییە و ھیچ شوێنێكیشی دیاری نەكردووە تا ئێمە پەنای بۆ ببەین، بۆیە بڕیارەكە سیاسییە نەك یاسایی".

گردەسۆریی پارێزەر دەشڵێ: "دادگای فیدڕاڵی سیاسیانە مامەڵەیان كردووە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەن قسەمان كردووە و رێگای دیكەی یاسایی دەگرینە بەر، چونكە حكوومەتی عێراق لە كەركووك كاری پێچەوانەی دەستووری ئەنجام داوە".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار