نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ژاپۆن كۆ بوونەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ژاپۆن، ڕایگەیاند كە دیالۆگێكی جیددی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 18/12/2018، پێشوازی لە ناوفومی هاشیمۆتۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا كە مۆریاسۆ كاتسۆمی، كۆنسووڵی گشتیی ژاپۆن و شاندێكی یاوەریان ئامادەی بوون، هاشیمۆتۆ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای بەردەوامیی هاوكاری و هاریكاریی حكوومەتی هەرێمی بۆ كار و چالاكییەكانی خۆی و كۆنسووڵی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان خواست، دووپاتیشی كردەوە كە ژاپۆن گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات و دەستخۆشی لە بەرەوپێشچوونەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كرد.
ئەو هەروەها بەشداریی هەرێمی كوردستانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بەرز نرخاند و هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارە بكرێن، هەروەها باسی لە دیالۆگی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرد.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەردانەكەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، بەردەوامیی هاریكاریی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ بەڕێزیان ڕاگەیاند، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژاپۆن دەڕوانێت و هیوای بەردەوامییانی خواست، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانیانیش لە سەرتاسەری عێراقدا، كە بەشێكی بەر هەرێمی كوردستانیش كەوتوون، سوپاسی ژاپۆنی كرد.
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە بەشداریی لایەنە كوردستانییەكان لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا كرد و هیوای خواست كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارە بكرێن، سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد، دیالۆگێكی جیددی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەیە.
تاوتووكردنی دۆخی عێراق بە گشتی و چەند بابەتێكی پەیوەست بە ڕەوشی ناوچەكەوە، لایەنیكی دیكەی دیدارەكە بوو.




