٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كۆ بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە دەرفەتی باشی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ڕەخساندووە و بە یاسا كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەكات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 18/12/2018، پێشوازی لە ستێف بلۆك، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و كۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان پێك هاتبوو.

لە كۆبوونەوەیەكدا، ستێف بلۆك خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر‌ و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران، هەروەها بەردەوامیی هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە ڕێكخستنەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، دووپات كردەوە.

ئەو هەروەها ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكان بە تایبەتی لە بواری ئابووری و كشتوكاڵدا نیشان دا و، لەوبارەیە‌وە ئاماژەی بە‌ چەند كۆڕ و سیمینارێك لە داهاتوودا كرد، جەختی لەوەش كردەوە كە دەرفەتێكی باشی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان هەیە و، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولای دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی هۆڵەندا وەك بەشێك لە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی مرۆیی و سەربازیدا كرد و، هیوای خواست هۆڵەندا لە بوارەكانی دیكەیشدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات، بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵدا.

نێچیرڤان بارزانی، دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە دەرفەتی باشی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ڕەخساندووە و لەو  بارەیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یاسا كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەكات، كە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن و، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوو كران. دواتر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا هەردوولا باسیان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە كرد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار