د. ڤیان: پشتگیریی ئەو كاندیدانە دەكەین كە سەرۆكوەزیران پێشكەشیان دەكات

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ جارێكی دیكە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەبارەی تەواوكردنی كابینەی نوێ كۆ دەبێتەوە و دەشڵێ: "ئێمە پشتگیریی ئەو كاندیدانە دەكەین كە سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشكەشیان دەكات".
د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەبارەی تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بدات، بۆیە جارێ دیار نییە دەتواندرێت دەنگی لەسەر بدرێت یاخود نا، چونكە ھێشتا ھیچ ڕوون نییە بۆ ئەوەی لایەنەكان سەبارەت بە كاندیدی وەزارەتەكان گەییشتبنە ڕێككەوتنێك".
سەبری گوتیشی: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دەكەین و ھەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە وەك پێشوو، هەروەها كاندیدی وەزارەتی دادیش ھەر ئەوەی پێشووە و گۆڕانكاری بەسەردا نەھاتووە".
دەشڵێ: "ئەو كاندیدانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشكەشیان دەكات، ئێمە پشتگیرییان دەكەین و دەنگیان پێ دەدەین".
ئەو پشنیازانەی عادل عەبدولمەھدی بە نووسراوێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان، محەممەد حەلبووسی کردووە ئەم چوارەن:
یەکەم: خستنە دەنگدانی ئەو ناوانەی لە رۆژی ٤-١٢-٢٠١٨ پێشکەشی پەرلەمان کراون، بۆ ئەوەی پەسند یاخود رەتبکرێنەوە. ئەگەر رەتکرانەوە ئەوا لەماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێر ناوی بەربژێری دیکە پێشکەشبکرێن.
دووەم: ھەردوو کوتلە سەرەکییەكه ( چاکسازیی و بونیادنان) دەنگ لەسەر ٥-٦ وەزیری بدەن و ئەوانی دیکە دوابخرێن.
سێیەم: ھەردوو کوتلە سەرەکییەكه رێکبکەون لەسەر ئەوەی ناوی نوێ پێشکەشبکرێت، ھەموو یاخود بەشێک لە ناوەکان.
چوارەم: ھەردوولایەنە سەرەکییەکە بابەتی ناوەکان لێگەڕێن بۆ سەرۆکوەزیران و پەرلەمان پەسندیان بکات، یاخود بەشێک یان ھەموویان رەتبکاتەوە، بەبێ ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوون تێکبدرێت، یاخود ئاستەنگ دروستبکرێت.
محەمەد شاکر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە فراکسیۆنی پارتی، ئەویش پەیوەست بە دانیشتنەکە زیاتر گووتی: "دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق جگە لە دەنگدان بە کاندیدانی کابینە وزارییەکەی عادل عەبدولمەھدی کە چەند پێشنیارێکی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن کردوو، دوو بڕگەی تریش کارنامەی دانیشتنەکە دەبێت، یەکێکیان چەند ئەندامێکی ئەنجوومەن تانەیان لێدرابوو ئەمە یەکلادەکرێتەوە، ئەویتریش ھەندێک لە لیژنەکان تەواو نەبووبوون، ئەمڕۆ تەواو دەکرێت و کۆتایی بە لیژنەکان دێت."
فایزە کۆیی- بڵند ئیبراھیم




