٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەلاح مستەفا: ھۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵ و بازرگانیدا ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ھەرێمی كوردستان و ھۆڵەندا پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیان پەرە پێ بدەن، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، لەمەودوا ھۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵیشدا ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان دەكات.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان ھەرێمی كوردستان و شانشینی ھۆڵەندا ھەیە و، بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە سیاسیانە بڕیارە لە كەرتی كشتوكاڵشدا ھەردوو وڵات پێكەوە كار بكەن و ھەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی وڵاتی ھۆڵەندا وەربگرێت".

بڕیارە كۆنفڕانسیك لەبارەی كەرتی كشتوكاڵ لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوە بچێت و دەیان كۆمپانیای ھەرێمی كوردستانیش تێدا بەشداری دەكەن، مستەفا گوتی: "لە شەڕی بەرەنگابوونەوەی داعشدا ھۆڵەندا ھاوكار و ھاوپەیمانێكی سەرەكیی ھەرێمی كوردستان بوو، پێشتر چەندین گەورەبەرپرسی ھۆڵەندا سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە، لە سەرەتای ئەمساڵیشدا سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان سەردانی ھۆڵەندای كرد، یەكێك لە تەوەری سەردانەكەیی نێچیرڤان بارزانی بۆ ھۆڵەندا، پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و بازرگانی بوو لە نێوان ھەردوو وڵاتدا".

وڵاتی ھۆڵەندا لە بواری كشتوكاڵدا یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیھان و، ساڵانە  نزیكەی ٦٠ جووتیاری ھەرێمی كوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتە، سەردانی ھۆڵەندا دەكەن.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار