لە کەرکووک ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگایەکی حزبی ھێندرایە خوارەوە
__2018_12_17_h17m26s26__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک گوتی، ئەمڕۆش بە هەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو ڕێگە نەدرا لە کەرکووک یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای حزبی شیوعی ھێندرایە خوارەوە و ھەر قوتابییەک، تەنانەت ئاڵای بچووکیشی بە یەخەوە ھەبووایە ڕێگرییان لێ دەکرد بچێتە ناو زانکۆ.
نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە شاری کەرکووک جارێکی دیکە لە لایەن ھێزەکانی عێراقەوە ڕێگری کرا ئەو یادە بکرێتەوە و لە پرسگەی زانکۆی کەرکووکیش ھەر قوتابییەک، تەنانەت ئاڵایەکی بچووکی کوردستانی بە یەخەوە ھەبووایە لێیان دەکردەوە و ڕێگرییان لێ دەکرد. بەو ھۆیەشەوە چەند قوتابییەک بۆ ماوەیەک دەستگیر کران و دواتر کە ئاڵایان لێ کرایەوە، ئازادیان کردن."
نەقیب گۆران عەبدوڵڵا گوتی: "جگە لەوەش، حزبی شیوعیی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە ئاڵای کوردستانی لەسەر بارەگای خۆیان ھەڵکردبوو، بەڵام ئاڵاکەیان ھێنایە خوارێ و ڕێگرییان لێ کردن ئاڵا ھەڵبکەن."
بڵند ئیبراھیم




