یادی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانەو لە ھەموو شارو شارۆچکەکان ئەم یادە بەرز راگیرا، وەزیری پەروەردەش دهڵێ، "گرنگە بتوانین بەبۆنەی ئاڵاوە یەکڕیزی و تەبایی کوردستان تۆکمە بکەین، میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو نەیھێشتووە ئاڵاکەی بچەمێتەوە."
ھەر نەتەوە و گەلێک بۆ ناساندن و پێناسەی خۆی، کۆمەڵێک ھێما و سیمبولی نەتەوەیی ھەیە کە یەک لەوان ئاڵایە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت ئاڵای فەرمیی خۆی ھەیە.
ههولێر
لە پایتەختی کوردستان رۆژی ئاڵا لە ھەموو دەمودەزگا حکوومیەکان و قوتابخانەکان بەرز راگیرا، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکیدا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ھەولێر کە بە بۆنەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێشکەشی کرد، ئەوەی ڕاگەیاند، "گرنگە بتوانین بەبۆنەی ئاڵاوە یەکڕیزی و تەبایی کوردستان تۆکمە بکەین. میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو نەیھێشتووە ئاڵاکەی بچەمێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش، وەکو وەزارەتی پەروەردە، لە بۆنە نیشتیمانیەکاندا بە ھەموو شێوەیەک جەختمان لەسەر لایەنە نیشتمانییەکە کردووەتەوە."
سلێمانى
لە ئامادەیی رۆژی عەلی شەریف لە پایتەختی رۆشنبیرییش،بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی ئەم یادە بەرز راگیرا، قوتابییەکان بە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوەلە پێناو بەرزراگرتنی ئەم یادە رۆژی ئاڵا دەکەنەوە.
لە شارەكانى دھۆک، ھەلەبجە، سۆران، کەلار، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسۆر و رواندز لە رۆژی ئاڵا چەندانچالاکییەک بەرێوە چوو و یادهكه بهرز راگیرا.
كهركووك
وێڕای بەربەست و پێشگیرییەکانی ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە کەرکووک،ئەمڕۆ لە قوتابخانەی بڵێسەی بەشی کوردیی پەروەردەی کەرکووک لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا ئاڵای کوردستان ھەڵکرا و بەشێک لە بەرپرسانی پەروەردەی بەشی کوردی و مامۆستایان ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
بڕیارە لەناو زانکۆ قوتابیان و گەنجانی کورد بەبێ گوێدانە ھەڕەشە و بەربەستی ھێزە ئەمنییەکان ئاڵای کوردستان ھەڵبکەن.
پار لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بە بۆنەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانەوە چەند گەنجێک لە کەرکووک دەستگیر کران.
خانهقین
سەرەڕای گوشار و ڕێگرییەکانی میلیشیا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، گەنجانی خانەقین درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئاڵای کوردستانیان لە فلکەی کرندی و فلکەی مامۆستا عەزیز پشتیوان و فلکەی قایمقامیەت بەرز کردەوە و چالاکییەکەش لەلایەن کادیران و گەنجانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجام درا.
لە رۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان سزای بەندکرانی لەسەرە و لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش پارت و رێکخراوەکان بە شێوەی نافەرمی رۆژی ئاڵای کوردستان بەرز رادەگرن.
پاش تێپەڕبوونی ٥٩ ساڵ بەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٩ حوزەیرانی ٢٠٠٩ بە بڕیاری ژمارە ٤٨ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا رۆژی ١٧ کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک بکرێتە رۆژی ئاڵای کوردستان. ھاوکات ھەر ئەو رۆژەش بە رۆژی دایک لە کوردستان دیاری کرد.
ھەڵکەوت محەممەد




