لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ شاندێكی ئەنەكەسە سەردانی رووسیا دەكات

ڕووسیا-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە دەڵێ، شاندێكی ئەنجوومەنی نشتیمانیی كورد بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی كوردان لە رۆژئاوای كوردستان و پرسی دەستووری سووریا، سەردانی مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا دەكات.
كامیران حاجۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، شاندێكی ئەنەكەسە ئەمڕۆ سەردانی رووسیا دەكات و، بڕیارە رۆژی 18ـی مانگیش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ بۆكدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا كۆ ببنەوە .
حاجۆ گوتیشی: "من سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكەم وەك بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە و، ئیبراهیم برۆیش ئەندامی ئەنجوومەن دەبێت".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە، لەبارەی ئامانجی سەردانەكەیانەوە، گوتی: "ئامانجمان لەم سەردانە، گەیاندنی دەنگی كوردان لە رۆژئاوای كوردستان و پرسی دەستووری سووریا دەبێت، هەروەها پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوانمان دەدەین و دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان بەردەوام بن، سەبارەت بە دەستووری سووریایش، چەسپاندنی مافی میللەتی كورد لە سووریا بە لامانەوە گرینگە و دەمانەوێت رووسیا پشگیریمان بكات لەم پرسەدا، لەگەڵ ئەوەیشدا باس لەو هەڵوێستەی ڕووسیا دەكەین لەبارەی رۆژهەڵاتی فوورات كە دەڵێت ئەمەریكا دەیەوێت دەوڵەتێك دروست بكات لە رۆژهەڵاتی فوورات، دەمانەوێت بزانین ڕاستیی ئەم پرسە چییە و هیوادارین رووسیا پشتیوانمان بێت لە بەدەستهێنانی مافەكانمان".
ئەنجوومەنی نشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە"، كە ئەنجوومەنێكی سیاسییە و لە كۆمەڵێك پارت و رێكخراوی سیاسیی كوردی رۆژئاوای كوردستان پێك دێت، لە ٣٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١١ لە ژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی لە هەولێر دامەزراوە و، لە پێناو بەدەستهێنانی مافی كوردان لە رۆژئاوای كوردستان خەبات دەكات.
نەشوان بەرزنجی




