سەفار: پێویستە تا كۆتایی ئەم مانگە بەغدا ٩٥١ملیار دینار ڕەوانەی ههرێم بكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق گوتی، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە مانگانە ٣١٧ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات و بۆ ئەمساڵ ٩٥١ملیار قەرزدارە، بۆیە پێویستە پێش كۆتاییھاتنی ساڵ پارەكە بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات.
ئەحمەد سەفار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، كابینەی پێشووی حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو ھەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی نوێ دەكەن، مانگانە ٣١٧ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكەن و تاوەكو ئێستایش بەردەوامە لە ناردنی ئەو بڕەپارەیە، بەڵام ھێشتا پارەی سێ مانگ قەرزدارە و پێویستە پێش كۆتایی ساڵ ھەموو حیساباتەكان تەسفییە بكات.
سەفار گوتیشی، پێویستە تا كۆتایی ئەم مانگە حكوومەتی عێراق ٩٥١ملیار دیناری ھەرێمی كوردستان كە وەك قەرز لایەتی، خەرج بكات، چونكە ساڵ كۆتایی پێ دێت و ساڵی نوێ دێت و ناكرێت پارەی ئەو سێ مانگەی مووچەی فەرمانبەران خەرج نەكات.
بڵند ئیبراھیم




