كورد و عەرەبی شارەبان خۆپێشاندانیان دژ بە حەشدی شەعبی ئەنجام دا

شارەبان-KDP.info- هاووڵاتیانی شارۆچكەی شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ شەممە دژ بە حەشدی شەعبی خۆپێشاندانێكیان لە بەردەم ئەنجوومەنی شارەوانیدا ئەنجام دا، چونكە حەشد بازگەیان داناوە و سەرانە لە هاووڵاتیان وەردەگرن.
ئەكبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ هاووڵاتیانی كورد و عەرەبی شارۆچكەی شارەبان لە بەردەم ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەكەدا خۆپێشاندانیان دژ بە هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەنجام دا و داوای ڕۆییشتنەدەرەوەی ئەو هێزە لە شارەكەیان دەكەن".
حەیدەر گوتی: "حەشدی شەعبی بازگەی نایاساییان داناوە و سەرانە لە شوفێران وەردەگرن و بە ناوی باجەوە هاووڵاتیان دەڕفێنن و ئەشكەنجەیان دەدەن، بۆیە هاووڵاتیان داوا دەكەن هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارەكەیان دەربكرێن".
جێگری بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین دەشڵێ: "ئەگەر حەشدی شەعبی لە شارەبان بمێنێتەوە و گوێ لە داوای هاووڵاتیان نەگیرێت، خۆپێشاندانەكان گەورەتر دەبن".
هەینیی ڕابردوو، هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵی سێ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەبان، ئەمەیش تووڕەیی هاووڵاتیانی شارەكەی زیاتر كردووە.
لە دوای كارەساتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو و داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، لە شارە كوردییەكان، دزین، ڕفاندن، وەرگرتنی سەرانە و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتیانی كورد بەردەوامە.
هێڤیار هەڵەبجەیی




