پسپۆڕانی ئابووری: سەردانی رێك پێری ئاماژەیە بۆ ئەوەی كه ئەمەریكا ھاوكاری ھەرێم دەبێت

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕانی ئابووری، بە گرینگییەوە دەڕواننە سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان و، وەك پسپۆڕێكی ئابووریش دهڵێ، سەردانەكەی رێك پێری بۆ ھەولێر، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمەریكا لە ڕووی وزە و سامانی سرووشتییەوە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەبێت.
دوێنێ سێشەممە، رێك پێری، وەزیری وزەی ئەمەریكا، بە یاوەریی شاندێك گەییشتە ھەرێمی كوردستان و ژمارەیەك دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی و كاربەدەستانی ھەرێمی كوردستان ئەنجام دا.
ئەمساڵیش ئەمەریكا بەردی بناغەی گەورەترین كۆنسووڵخانەی لە شاری ھەولێر دانا و ئێستا كار بۆ جێبەجێكردنی دەكرێت، چاودێرانیش پێیان وایە، ئەمەریكا دەیەوێ زیاتر لە ھەرێمی كوردستان نزیك بێتەوە و كاری ھاوبەش ئەنجام بدەن، لەو بارەیەوە، دكتۆر ئیدریس كۆچەر، پسپۆڕی ئابووری و وەبەرھێنان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان، دەتوانین بڵێین بەڵگەیەكی بەرجەستەكراوە بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر دەڕوات، بە تایبەت لە بواری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان، ئەو لێدوانانەی وەزیری وزەی ئەمەریكا لە پرێسكۆنفڕانسی لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا ئاماژەی پێكرد، ھۆكارێكی زۆر گرینگە كە ئەمەریكا بەنیازە ھاوكارێكی تەواو بێت لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، ئێستا ھەرێم پێگە و رۆڵێكی گەورەی ھەیە بۆ ئەمەریكا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، چونكە ھاوكاری سەرەكیی ئەمەریكایە لە بوارەكانی ئابووری و سیاسیدا.
وەزیری وزەی ئەمەریكا لە پرێسكۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی سەردانەكەی بۆ ھەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ڕایگەیاند: "ئێمە ھەردوولامان سەرچاوە و سامانی سرووشتیمان زۆرە. لە ویلایەتی خۆم تەكساس كە لە دانیشتنەكەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بەراوردی ھەردوولامان دەكرد كوردستان و تەكساس، زۆر شتی ھاوشێوەی یەكدییان ھەیە، ھەردوولا باسی ئەوەمان كرد كە سەرچاوەیەكی زۆری وزە لە بەردەستماندا ھەیە بۆ گەلی ئێمە لەوێ و ھەروەھا بۆ گەلی كوردستان لێرە. بۆیە ئێمە وای دەبینین لێرە دەرفەتێكی زۆر لە ئارادایە بۆ بونیاتنانی ئاییندەیەكی باشتر بۆ خۆشگوزەرانی و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانە".
لای خۆیشیەوە، دكتۆر ئەرشەت تەھا، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە رابردوودا سیاسەتی ئەمەریكا لەگەڵ ئەوە نەبوو ھەرێمی كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ نەوت رەوانەی بازاڕی جیھان بكات، بەڵام پێم وایە سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا دەبێتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی پشتگیریی راستەوخۆی ھەناردەكردنی نەوتی كوردستان بكات، ھەروەھا ئەمەریكا دەیەوێ كۆمپانیاكانی لە ھەرێمی كوردستان وەبەرھێنان بكەن و ئەو دەرفەتەیان پێ بدرێت، تا كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە كەرتە جیاوازەكانی ئابووری و وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستاندا كار بكەن".
رێك پێری، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەم دەرفەتە بەھادارە ھانمان دەدات بۆ وەبەرھێنان بۆ ئەوەی ببین بە ھاوبەشی یەكدی، كاتی ئەوە ھاتووە كە ئیدی جەخت لەسەر بنیاتنانی ئابووری بكەینەوە".
دكتۆر ئیدریس كۆچەر پێی وایە، رەنگە پێشتر ئەمەریكا و سەرمایەدارەكانی ئەو وڵاتە بە ھەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا كردبێت و دەڵێت: "ئەمەریكا و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەیش ھەرێمی كوردستانیان وەك ناوچەكانی دیكەی عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە لە قەڵەم دەدا، بەڵام دوای كۆتاییھاتنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەو راستییە بۆ ئەمەریكایش روون بووەوە، كە ئەو ئاژاوەگێڕییەی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق ھەیە، لە كوردستان نییە".
كۆچەر نەیشاردەوە كە، كردنەوەی گەورەترین كۆنسووڵخانە لەلایەن ئەمەریكاوە لە ھەرێمی كوردستاندا، نیشانەی ئەوەیە ئەمەریكا دەیەوێ ھاوبەش بێت لە زۆر بواردا لەگەڵ ھەرێم، بە تایبەتی كۆمپانیاكانی رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ بەشداریكردن لە وەبەرھێنان و سەرچاوە سرووشتییەكان، بێگومان ئەمەیش كاریگەری لەسەر رەوشی ھەرێمی كوردستان و گەشەكردنی كەرتی وزە و سامانە سرووشتییەكان دەبێت.
قائید میرۆ




